قەرارگای ناوەندیی "خاتەمولئەنبیا" لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، داخستنی گەرووی هورمزی بەڕووی هاتوچۆی هەموو جۆرە کەشتییەکدا ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەوەی "پەیمانشکێنیی ئەمریکا و بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل" ناوی براوە، دەرکراوە.
لە بەیاننامەکەدا، کە بە ئایەتێکی قورئان (سووڕەتی تەوبە) دەست پێ دەکات، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم بڕیارە بەهۆی پەیمانشکێنیی ئاشکرای ئەمریکا و جێبەجێنەکردنی بڕگەی یەکەمی ڕێککەوتنامەی کۆتاییهێنان بە شەڕ، و وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست لە باشووری لوبنان لەلایەن ڕژێمی زایۆنیستی، کوشتار و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی مەدەنی، و نەکشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکانی باشووری لوبنان دراوە.
قەرارگای خاتەمولئەنبیا جەختی کردۆتەوە کە داخستنی گەرووی هورمز تەنها "هەنگاوی یەکەمە" لە وەڵامی بەدپەیمانیی دوژمنان، و هۆشداریی داوە کە ئەگەر دەستدرێژییەکان بەردەوام بن، هەنگاوی دیکەی توندتر بۆ ناچارکردنی لایەنی بەرامبەر بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی، دەگیرێتە بەر. جێی ئاماژەیە، گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە و نەوت، داخستنی ئەم گەرووە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و گەورە لەسەر بازاڕەکانی جیهان و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.