Erbil 31°C پێنجشەممە 18 حوزەیران 18:44

شاندی تەکنیکیی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی "ئەسیکۆدا" و داهاتە نانەوتییەکان گەیشتنە لێکتێگەیشتن

100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئامانج ساڵح، پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند، کە گفتوگۆکانی نێوان شاندی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بۆ یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا  (ASYCUDA) هەنگاوی بڕیارپێدەری بڕیوە و هەردوولا لەسەر ڕەشنووسێکی هاوبەش گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، لە کۆبوونەوەکان تیشکیان خستووەتە سەر چەند خاڵێکی گرنگ، کە بریتین لە:

1- دەسەڵاتی خاڵە سنوورییەکان: ڕێکخستنی دەسەڵاتی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ لە مەرز و گومرگەکاندا.

2- چۆنییەتی کۆکردنەوە و گەڕانەوەی داهاتەکان بۆ گەنجینەی دەوڵەت، بەتایبەت ئەو بڕیارەی کە باس لە ناردنی 120 ملیار دینار مانگانە وەک
 داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ بەغدا دەکات، لە بەرامبەردا هەرێم جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوور و دابەشکردنی 50%ـی داهاتەکان دەکاتەوە.

3- سیستەمی ئەسیکۆدا: تۆمارکردنی وردی ناوی بازرگانان، کاڵا و ئامارەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتی و سەرپێچی.

یەکێک لە سوودە هەرە گرنگەکانی جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە، وەک پەیامنێری کوردستان تیڤی ئاماژەی پێدا، ڕێکخستنی نرخی دۆلارە بۆ بازرگانان. لەمەودوا بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە بانکە فەرمییەکان دۆلار بە نرخی پاڵپشتیکراو (132,000 دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک) وەربگرن، ئەمەش دوای ئەوەی لیستی کاڵاکانیان لە سیستەمی ئەسیکۆدا تۆمار دەکرێت. ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دابەزینی تێچووی هاوردەکردن و کۆنترۆڵکردنی نرخ لە بازاڕەکاندا.

ئامانج ساڵح ئاشکراشی کرد، کە ئەوەی ئێستا ئەنجام دراوە لێکتێگەیشتنی شاندی تەکنیکییە (دارایی، یاسایی و گومرگی) و ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە ئامادە کراوە. بڕیارە ئەم یاداشتنامەیە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوو حکوومەت بەرز بکرێتەوە تاوەکو لە کۆبوونەوەیەکی سیاسیی باڵادا واژووی کۆتایی لەسەر بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.