Erbil 31°C پێنجشەممە 18 حوزەیران 16:39

ئەکسیۆس: ئیسرائیل پابەندی لێکتێگەیشتنەکە نابێت

100%

لە کاتێکدا جیهان چاوەڕوانی جێبەجێکردنی "یادداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد"ە کە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشکیان واژۆ کرا، تەلئەبیب هەڵوێستێکی جیاوازی نیشان دا و ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری ڕاوێژکارێکی بنیامین نەتانیاهۆوە بڵاوی کردەوە کە ئیسرائیل خۆی بە پابەند نازانێت بەو بڕگەیەی پەیوەندی بە لوبنانەوە هەیە لە ناو ڕێککەوتنەکەدا.

 بەپێی زانیارییەکان، نەتانیاهۆ بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کە سوپاکەی لەو ناوچانەی باشووری لوبنان ناکشێنێتەوە کە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵیدایە، مەگەر حیزبوڵڵا بە تەواوەتی چەک بکرێت، ئەمەش نیشانەی ناكۆکییەکی قووڵە لە نێوان تێڕوانینی واشنتۆن و تەلئەبیب بۆ داهاتووی سنوورەکان و جێبەجێکردنی بڕیاری 1701ی ئەنجومەنی ئاسایش.

هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییانە، میدیا ئیسرائیلییەکان ئاشکرایان کردووە کە یەکشەممەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی زۆر توندی ئاراستەی نەتانیاهۆ کردووە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت.

 ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی 12ی ئیسرائیلی نیگەرانی و تووڕەیی خۆی دەربڕیوە لەوەی کە ئیسرائیل ئەو هێرشەی درست پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنە مێژووییەکەی لەگەڵ ئێران ئەنجام داوە، و وتوویەتی: "بۆچی بیبی (نەتانیاهۆ) ئەم کارەی کرد؟"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێرشەکانی حیزبوڵڵا هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە و پەرچەکردارەکەی ئیسرائیل لەو کاتە هەستیارەدا بووەتە هۆی بێزارکردنی.

ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە یادداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران، کە بە ناوبژیوانی پاکستان و قەتەر گەیشتووەتە ئەنجام، جەخت لەسەر ئاگربەستێکی گشتگیر و هەمیشەیی دەکاتەوە، لەوانەش لە بەرەی لوبنان.

 ڕێککەوتنەکە کە بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت، پلانێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران و لادانی هەموو گەمارۆ ئابوورییەکانی لەخۆگرتووە لە بەرامبەر گەرەنتی کردنی ئاسایشی دەریایی و ناوەکی، بەڵام پێداگری ئیسرائیل لەسەر داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا وەک مەرجی کشانەوە، ئاستەنگێکی نوێ دەخاتە بەردەم جێبەجێکردنی تەواوەتی یاداشتەکە کە بڕیارە لە 19ی حوزەیرانی 2026 لە سویسرا قۆناغە تەکنیکییەکانی دەست پێ بکات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.