دادگایەکی شاری ئۆسلۆ سزای 4 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر (ماریۆس بۆرگ هۆبی)، کوڕی (میتە مارێت)ی جێنشینی نەرویجدا سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و چەند تاوانێکی دیکە تاوانبار کرا، کە خێزانی شاهانەی ئەو وڵاتەی ڕووبەڕووی ئابڕووچوونێکی گەورە کردووەتەوە.
ئەم دۆسیە هەستیارە لە مانگی ئابی ساڵی 2024ەوە دەستی پێکرد، کاتێک ماریۆس بۆرگی تەمەن 29 ساڵ، بە گومانی هێرشکردنە سەر خۆشەویستەکەی لەو کاتەدا لە شاری ئۆسلۆی پایتەخت، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
داواکاری گشتی نزیکەی 40 تۆمەتی جیاوازی ئاراستەی کوڕی شازادە کردبوو، کە گرنگترینیان دەستدرێژیی سێکسی، توندوتیژی خێزانی، هەڕەشەکردن و سەرپێچییەکانی هاتووچۆ بوون. هەرچەندە بەپێی یاسا ئەگەری هەبوو سزاکەی بگاتە 16 ساڵ زیندانی و داواکاری گشتیش داوای 7 ساڵ زیندانی بۆ دەکرد، بەڵام دادگا بڕیارەکەی بە 4 ساڵ دەرکرد.
لە بڕیارەکەیدا، دادگا ماریۆس بۆرگی لە دوو تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بێبەری کرد، بەڵام بە تۆمەتی دەستدرێژییەکی تری سێکسی و ئەنجامدانی توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بە خۆشەویستێکی پێشووی و چەند تاوانێکی تر، بە تاوانبار ناساند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.