ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ناوەڕاستی ئەفریقا بە خێرایی ڕوو لە زیادبوونە و تا ئێستا نزیكەی 500 حاڵەت تۆمارکراون، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستکردووە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات 452 حاڵەتی پشتڕاستکراو تۆمارکراون کە 82 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە وڵاتی ئۆگاندای دراوسێ 19 حاڵەت تۆمارکراون و 2 کەس گیانیان لەدەستداوە. بەمەش کۆی گشتی تووشبووان گەیشتووەتە 471 کەس و 84 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، کە تەنها لە ماوەی یەک ڕۆژدا 100 تووشبووی نوێ زیادیکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی ئەگەر ڕێوشوێنی توند نەگیرێتەبەر، ئەگەری هەیە ئەم شەپۆلە بگاتە ئاستی کارەساتەکەی ساڵانی 2014 بۆ 2016، کە تێیدا زیاتر لە 11 هەزار کەس لە ڕۆژئاوای ئەفریقا گیانیان لەدەستدا. جەیسن ئاشەر، بەرپرسی ئاژانسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە مۆدێلە زانستییەکان ئەگەری سەرهەڵدانی پەتایەکی گەورە نیشان دەدەن.
ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ڕێگەی بەرکەوتنی نزیك و شلەی جەستەوە دەگوازرێتەوە و لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 15 هەزار کەسی لە ئەفریقا کوشتووە. ئەم شەپۆلە نوێیەی ڤایرۆسەکە لە ناوچەی ئیتوری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆی دیموکرات سەریهەڵداوە، کە وڵاتێکی هەژارە و بەدەست ململانێ چەکدارییەکانەوە دەناڵێنێت، ئەمەش کارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکەی قورستر کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.