سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی سێکتەری ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار، پڕۆژەی "هەفتە بازاڕ" لە بەردەم پارکی شاندەر دەستپێدەکات و داواش لە کاسبکاران دەکات بۆ وەرگرتنی شوێن ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاویکردەوە: "لەپێناو نیشاندانی جوانییەکانی کاسبکاریی ڕەسەن و ڕەخساندنی هەلی کاری گونجاو بۆ هاووڵاتیانی پایتەخت، پڕۆژەیەکی نوێی هەفتە بازاڕی مۆدێرن و گشتگیر لە بەردەم پارکی شاندەر دەکرێتەوە."
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم پڕۆژەیە دەرفەتێکی ناوازە بۆ هاووڵاتیان و کاسبکاران دەڕەخسێنێت تاوەکو بەرهەم و کەلوپەلە جۆراوجۆرەکانیان نمایش بکەن. بڕیارە بازاڕەکە لە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی 5/6/2026، لە کاتژمێر 8:00ی بەیانی تاوەکو 12:00ی شەو بەڕووی هاونیشتمانیاندا کراوە بێت.
سەبارەت بەو سێکتەرانەی لە بازاڕەکەدا بوونیان دەبێت، شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە (خۆراک، بەرهەمی خۆماڵی، کاڵای هەمەجۆر، جلوبەرگی کوردەواری و کارە دەستییەکان) لەخۆ دەگرێت.
لە لایەکی دیکەوە، شارەوانیی هەولێر داوا لەو کاسبکار و هاووڵاتییانە دەکات کە ئارەزووی بەشداریکردنیان هەیە، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 2/6/2026، سەردانی (بەشی پلاندانان لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر) بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی ناویان، بەو مەرجەی ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانییان پێ بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.