سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران ڕازی بووە نەک هەر چەکی ئەتۆمی گەشەپێنەدات، بەڵکو لە ڕێگەی کڕین و هۆکارەکانی دیکەشەوە بەدەستی نەهێنێت، ئەمەش بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و گرنگ لە ڕەوتی دانوستانەکاندا دادەنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31ـی ئایار، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئارەزووی گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکات، چونکە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی، دەتوانرێت گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتیوانیدا بکرێتەوە. جەختیشی کردەوە کە تاکە گەرەنتی کە پێویستە هەیبێت ئەوەیە کە دڵنیابێتەوە لەوەی ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا وردەکارییەکی نوێی گفتوگۆکانی ئاشکرا کرد و گوتی: ئەوان لە سەرەتادا دەیانوت چەکی ئەتۆمی گەشەپێنادەین، بەڵام من پرسیم ئەی ئەگەر بیکڕن؟ بۆیە ئێستا ڕێککەوتنەکە دەڵێت نە گەشەی پێدەدەین و نە بە هیچ شێوەیەک چەکی ئەتۆمی دەکڕین، ئەمەش جیاوازییەکی گەورەیە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ترەمپ گوتی: ئێمە هەنگاو بە هەنگاو ئەوەی دەمانەوێت بەدەستی دەهێنین؛ ئێرانییەکان دانوستانکاری زۆر سەختن و پڕۆسەکە کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام من هیچ پەلەم نییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.