بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی پێشبینی دەكات، ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممە شەپۆڵی خۆڵبارین لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دروست ببێت و بەردەوام بێت.
كەشناسی سەبارەت بە كەشوهەوای ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لە ناوچە سنوورییەکان ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران هەیە.
راشیگەیاند: ئەمڕۆ هەینی شەپۆڵێکی تۆز و خۆڵ ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات، سەرەتا کاریگەری شەپۆڵەکە لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای هەرێم دەست پێ دەکات پاشان لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەری خۆڵبارینەکە زیاد دەکات و زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
هەروەها پێشبینی كرد لە كاتەكانی شەودا کاریگەری خۆڵبارینەکە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان هەندێک ناوچەی دیكە زۆر زیاد بکات .
سەبارەت بە پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: بە نزیکی 4 تا 6 پلە نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ پێنجشەممە.
بۆ كەشوهەوای سبەی شەممەش، كەشناسی رایگەیاند: ئاسمان نیمچەهەور دەبێت لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، هەروەها کاریگەری خۆڵبارینەکە لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامی دەبێت تا کاتەکانی ئێوارە پاشان کەمێک کاریگەرییەكەی لاواز دەبێت.
ئاماژەی بەوەش دا كە پلەکانی گەرمای سبەی شەممە کەمێک نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ هەینی .
كەشناسی هەروەها پلەكانی گەرمای پێشبینیكراوی شارەكانی هەرێمی كوردستانی بەمشێوەی خوارەوە دیاری كرد:-
هەولێر: 30 پلەی سیلیزی
پیرمام: 26 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 31 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 31 پلەی سیلیزی
دهۆک: 26 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 27 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 32 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 35 پلەی سیلیزی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.