بەگوێرەی ئەو ریزبەندییەی گۆڤاری (CEOWORLD) ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی كردۆتەوە، هاووڵاتییانی عێراقی لە ریزبەندی پێشەوەی وڵاتانی جیهان و عەرەبی دێن لە رێژەی قەڵەویدا بۆ ساڵی 2026، بەگوێرەی سەرچاوەكە رێژەی زیاتر لە 39%ی دانیشتووانی عێراق قەڵەون.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەداوە، رێژەی قەڵەوی لەنێوان پیاوان و ئافرەتانی عێراق جیاوازییەكی زۆری هەیە، قەڵەوی لەنێو پیاوانی عێراق رێژەكەی 30.43%ـە، بەڵام لەنێو ئافرەتان زیاترە و رێژەكە 48.13%ـە.
بەگوێرەی ریزبەندییەكە لەنێو وڵاتانی عەرەبیدا زۆرترین رێژەی قەڵەوی لە وڵاتی كوێت هەیە بە رێژەی 57.85%، دواتر وڵاتانی قەتەڕ بە رێژەی 57.33% و میسڕ بە رێژەی 50.14% و سعوودییە بە رێژەی 45.56% دێن، دواتر هاووڵاتییانی عێراق دێن بە رێژەی 39.28%، دوای ئەوانیش هەریەك لە هاووڵاتییانی بەحرێن و لیبیا و ئوردن و ئیمارات دێن.
سەبارەت بە وڵاتانی جیهانیش، ئاماژە بەوەدراوە كە كەمترین رێژەی قەڵەوی لە وڵاتی ڤێتنام هەیە كە ڕێژەی تەنیا 1.72%ـە، دوای ئەو هاووڵاتییانی تەیمووری رۆژهەڵات و ئەسیووپیا دێن، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆرترین رێژەی قەڵەوی لەسەر ئاستی جیهان لە هەردوو وڵاتی ئەمریكا و دوورگەی ساموا هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.