سەرۆکی ڕووسیا، ڕایگەیاند کە ململانێی ئۆکراینا بەرەو قۆناغی کۆتایی هەنگاو دەنێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتانی ڕۆژئاوا دوای شکستهێنانیان لە تووشکردنی شکستێکی کوشندە بە ڕووسیا، ئێستا لە بنبەستێکی سیاسی و سەربازیدا گیریان خواردووە.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: پێموایە کارەکان بەرەو کۆتاییهاتنی ململانێی ئۆکراینا دەچن. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا پێشبینی هەرەسهێنانی دەوڵەتی ڕووسیایان دەکرد لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا، بەڵام ئەو پلانەیان شکستی هێنا و ئێستا نازانن چۆن لەو قەیرانە بێنە دەرەوە.
سەرۆکی ڕووسیا هۆکاری سەرەکی دۆخی ئێستای ئۆکراینای بۆ هەوڵەکانی پەیوەستکردنی کیێڤ بە یەکێتی ئەوروپاوە گەڕاندەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە ڕووسیا پێشتر هۆشداری دابوو لەوەی جیاوازی پێوەرە ئابووری و تەندروستییەکانی نێوان مۆسکۆ و برۆکسل زیان بە بازاڕەکانی ڕووسیا دەگەیەنێت، ئەمەش وای لە ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ، سەرۆکی پێشووتری ئۆکراینا کرد پێداچوونەوە بە بڕیارەکانیدا بکات، کە دواتر بووە هۆی کودەتا و سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکان لە کریمیا و ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا.
سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، پوتین گوتی: من پێشنیاری دیدار ناکەم، بەڵام ڕەتیشی ناکەمەوە؛ هەرکەسێک دەیەوێت کۆببێتەوە با بێتە مۆسکۆ. جەختیشی کردەوە کە هەر دیدارێکی لەو شێوەیە دەبێت لە کۆتایی پرۆسەی دانوستانەکان بێت بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتی هەمیشەیی نەک لە سەرەتای گفتوگۆکاندا.
ئەم لێدوانانەی پوتین هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی ڕۆبێرت فیتسۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا بۆ مۆسکۆ لە 8ـی ئایار، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی ڕۆژی سەرکەوتن. فیتسۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە لایەنی ئۆکراینی ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی دیداری ڕاستەوخۆ، هەروەها ڕایگەیاندووە کە سەرکەوتنی دۆناڵد تڕەمپ لە هەڵبژاردنەکانی 2024ی ئەمریکا، دەتوانێت دەرفەتێکی نوێ بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی بڕەخسێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.