بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و ڕێگریکردن لە دیاردەی نایاسایی بازرگانیکردن بە ئەندامانی لەشی مرۆڤ، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە هەنگاوی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی ڕێکارە یاساییەکانی چاندنی ئەندامان، بەتایبەت چاندنی گورچیلە کرد.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لێژنەی تایبەت بە هەموارکردنەوەی ڕێنماییە یاساییەکانی بەخشین و چاندنی ئەندامانی لەشی مرۆڤی کرد.
ئەم هەنگاوەی وەزارەت پاڵپشتە بە ئەحکامەکانی ماددەی 7 لە یاسای وەزارەتی تەندروستی ژمارە 15ی ساڵی 2007، هەروەها ماددەی 30ی بڕگەی 1 لە یاسای "بەخشین و چاندنی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان" ژمارە 1ی ساڵی 2018. کۆبوونەوەکە لە درێژەی کارەکانی ئەو لێژنەیەیە کە بە فەرمانی وەزاری ژمارە 22835 لە ڕێکەوتی 26-11-2025 پێکهێنراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکان کرا بە مەبەستی توندکردنەوەی چاودێری و ڕێکخستنەوەی یاسایی پڕۆسەی بەخشین، تاوەکو ڕێگریی تەواو بکرێت لە هەر هەوڵێکی بازرگانیکردن بە ئەندامانی لەش کە پێچەوانەی بەها مرۆیی و یاساییەکانە.
وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی لەم هەموارکردنەوەیە، دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و یاساییە بۆ ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چاندنی ئەندام هەیە، بە جۆرێک کە مافی بەخشەر و وەرگر لە چوارچێوەی یاسادا پارێزراو بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.