Erbil 31°C شەممە 01 ئاب 21:19

نەوت و کانزاکانی هەولێر: بە دەستپێکردنەوەی کێڵگەی کۆرمۆڕ کێشەی کەمیی غاز چارەسەر دەبێت

کوردستان TV
100%

سەلار محەمەد، بەرپرسی پشکنینی نەوت و کانزاکان ڕایگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە کێڵگەی غازی کۆرمۆڕ، کێشەی کەمیی غاز بە تەواوی چارەسەر دەبێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کاراکردنەوەی کارتەکان و دابەشکردنی ژەمە غازی دووەم بەسەر هاووڵاتییاندا.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ "کوردستان تیڤی"، بەرپرسی پشکنینی نەوت و کانزاکان ئاشکرای کرد کە لە سنووری پارێزگای هەولێر 400 بریکار غازی ماڵان دابەش دەکەن. جەختیشی کردەوە کە کار دەکەن بۆ زیادکردنی ڕێژەی دابەشکردنەکە، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخی غازی بازرگانی کە لە ئێستادا ڕووی لە دابەزین کردووە.

هاوکات، بەپێی بەدواداچوونی رێبین مەجید پەیامنێری کوردستان تیڤی، ئەمڕۆ لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر نرخی هەر لیترێک غاز لە نێوان 900 بۆ 1300 دیناردا بووە. ئەم دابەزینە دوای ئەوە دێت کە پێش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا نرخەکان گران بوون، بەڵام لە ئێستادا هەر لیترێک غاز بە بڕی 500 بۆ 600 دینار دابەزیوە.

لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان ئاگادارییەک ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە و بەهۆی کێشەی مامەڵەکانیانەوە کارتی غازیان وەرنەگرتووە؛ تێیدا هاتووە کە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە مەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان و وەرگرتنی کارتی غاز.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.