Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 22:24

ئێران بڕیاری دا.. سەرجەم گفتوگۆ و رێگەچارە دیبلۆماسییەكانی لەگەڵ ئەمریكا هەڵپەسێردران

کوردستان TV
100%

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی كردەوە، سەرجەم گفتوگۆ ناڕاستەوخۆ و رێگەچارە دیبلۆماسییەكانی لەگەڵ لایەنی ئەمریكا هەڵپەسێردران بەهۆی دوایین هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتەوە.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوی كردەوە: بڕیاردرا سەرجەم گفتوگۆ ناڕاستەوخۆ و رێگەچارە دیبلۆماسییەكانی لەگەڵ ئەمریكا هەڵپەسێردرێن، ئەم بڕیارەش بەهۆی دوایین هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دراون.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ سێشەممە لە دوایین پەیامیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیال) جەختی كردبووەوە كە ئەگەر ئەمشەو ئێران رێككەوتن نەكات، شارستانییەتی تەواوی ئەو وڵاتە لەناو دەبەن.

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای ئێرانی بڵاوی كردبووەوە: پاكستان بەردەوام لەسەر هێل بووە بۆ گۆڕینەوەی نامە و پەیامەكان، بەڵام ئەمریكا تا ئێستا شێواز و هەڵوێستی بەرامبەر ئێران نەگۆڕاوە.

بەرپرسەكەی ئێران هەروەها گوتبووی: ئێستا هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریكا لەئارادا نییە بەهۆی ئەوەی هەوڵ دەدرێت ئێران ناچار بکرێت لەژێر فشاردا خۆی ڕادەست بکات.

جەختیشی كردبووەوە كە ئێران گەرووی هورمز ناكاتەوە بەرامبەر بەڵێنی ناڕاست و بێ ماناكانی ئەمریكا.

ئەمە لەكاتێكدایە كە تەنیا چەند كاتژمێرێكی كەم ماوە بۆ دوایین وادەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە بۆ بەرپرسانی ئێران خستوویەتییە روو بۆ رێككەوتن و كردنەوەی گەرووی هورمز.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.