بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، کاتێک خەڵک لە خەوێکی ئارامدا بوون، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو سنووری گوندی "زەرگەزەوی" لە ناوچەی زرارەتی بە ئامانج گرت و کارەساتێکی دڵتەزێنی خولقاند.
بەپێی بەدواداچوونەکانی (کوردستان تیڤی)، لەم هێرشەدا، دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی (مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ و مژدە ئەسعەد حەسەن) کە هاوسەری یەکترن، لە ناو جەرگەی ماڵەکەی خۆیاندا شەهید کران. شەهید مووسا، کە پێشمەرگەیەکی دڵسۆزی کوردستان بوو، لە جیاتی ئەوەی لە سەنگەرەکانی بەرگری بپێکرێت، لە ناو ماڵ و منداڵی خۆیدا شەهید کرا و دوو منداڵی لێ بەجێما کە ئێستا لە چاوەڕوانی باوەشی گەرمی باوک و سۆزی دایکیان دەکولێنەوە.
ئەوەی ئەم خەمەی قورستر کردووە، چیرۆکی فیداکاریی ئەم بنەماڵەیەیە بۆ خاکی کوردستان؛ شەهید مووسا تەنیا خۆی نەبوو کە گیانی فیدای نیشتمان کرد، بەڵکو پێشتریش برایەکی تری لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا سەری نایەوە و بووە شەهیدی نیشتمان. ئێستا خوێنی دوو برا لە پێناو پاراستنی ئەم خاکەدا تێکەڵ بووە و بوونە سیمبولی قوربانیدانی بێ کۆتایی.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ (کوردستان تیڤی) هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و بە داخێکی گرانەوە ئاماژەی بەوە کرد، کە هێرشەکە خێزانێکی بێتاوانی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژن و پیاوێک. هاوکات دژەتیرۆری کوردستانیش ڕایگەیاند، کە ئەم هێرشە درۆنییە زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.
ئەم تاوانە، کە پێشێلکردنێکی ڕوونی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە، جارێکی دیکە مەزڵومیەتی گەلی کورد و ڕۆڵە پێشمەرگەکانی نیشان دەداتەوە، کە تەنانەت لە ناو ماڵەکانی خۆشیاندا لە دەستی ناحەزان پارێزراو نین، بەڵام کاروانی شەهیدان و بەرگری لە نیشتمان هەر بەردەوام دەبێت.
وێنەی شەهید مووسا ئەنوەر خێزانەکەی و دوو جگەرگۆشەکەی

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.