Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 23:54

سوپای پاسداران: ئامادەکاری بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمێکی نوێی دەکات لە گەرووی هورمز

کوردستان TV
100%

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، خەریکی تەواوکردنی ئامادەکارییەکانە بۆ سەپاندنی "سیستەمێکی نوێ" بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ئەو ڕێڕەوە ئاوییە لەوەتەی دەستپێکردنی گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە، بە تەواوی داخراوە.

هێزە دەریاییەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا لە پلاتفۆرمی "X" ئاماژەیان بەوە کردووە، کە تیمی ئۆپەراسیۆنەکان خەریکی داڕشتنی کۆتا ڕێکارەکانی پلانی دەسەڵاتدارانی ئێرانن بۆ جێبەجێکردنی سیستەمێکی نوێ لە کەنداودا. هەروەها هۆشدارییان داوە کە بارودۆخی گەرووەکە بۆ دۆخی پێشوو ناگەڕێتەوە، "بەتایبەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل".

ئەم بەیاننامەیەی سوپای پاسداران دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە ڕایگەیاندبوو ئەگەر تاران گەرووەکە نەکاتەوە، وێستگەکانی وزە و پردەکانی ئێران بە ئامانج دەگرن.

لە دوای دەستپێکردنی ململانێکانەوە، ئێران تەنها ڕێگەی بە هاتوچۆیەکی زۆر سنوورداری کەشتییەکان داوە، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی گواستنەوەی نزیکەی 20 لە سەدی نەوت و گازی جیهان.

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی عومان بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی ئێران و عومان گفتوگۆیان دەربارەی دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ "ئاسانکاریی هاتوچۆ" لە گەرووەکەدا کردووە. لەلایەکی دیکەوە، لە هەفتەکانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئێران پێشنیازی وەرگرتنی "ڕسوومات"یان لەو کەشتیانە کردووە کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.