Erbil 31°C یەکشەممە 14 حوزەیران 00:02

وەزیری زانست و تەکنەلۆژیای ئێران: ناوەندە زانستییەکان بوونەتە گۆڕەپانی جەنگ

کوردستان TV
100%

لە لێدوانێکی توند و پڕ لە ناڕەزایەتیدا، حسێن سیمایی ساراف، وەزیری زانست و تەکنەلۆژیای ئێران ڕایگەیاند، ناوەندە زانستییەکان بوونەتە گۆڕەپانی جەنگێکی خوێناوی. حسێن سیمایی ساراف ئاشکرای کرد، لە دەسپێکی ئەو پێکدادانانەی تا ئێستا 30 ناوەندی زانکۆیی ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج.

وەزیری زانست ئامارێکی دڵتەزێنی خستە ڕوو، بەپێی گوتەکانی ئەو، تا ئێستا 5 مامۆستای زانکۆ و 60 خوێندکار گیانیان لەدەستداوە. حسێن سیمایی ساراف ئەم هێرشانەی بە "گەڕانەوە بۆ سەردەمی بەردین" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد، دوژمن هیچ سنوورێکی ئەخلاقی و مرۆیی نەهێشتووەتەوە.

بەشێکی سەرەکی گوتەکانی وەزیر تەرخان بوو بۆ هێرشکردنە سەر ویژدانی نێودەوڵەتی. ئەو گوتی: "لە سەدەی بیست و یەکدا، کە جیهان شانازی بە مافەکانی مرۆڤەوە دەکات، بینەری وێرانکردنی ژێرخانی زانستی و مرۆیی و مەدەنین." ناوبراو پرسیاری ئەوەی کرد: "ئایا وێرانکردنی ناوەندی زانستی و پردەکان، چ جۆرە سەرکەوتنێکی سەربازییە کە شانازی پێوە بکرێت؟"

ناوبراو هۆشداری دا کە ئەم شەپۆلە لە "وەحشیگەری" تەنها بە هەڵوێستی جدی مامۆستایان و خوێندکارانی جیهان دەوەستێت. ئەو داوای کرد کۆمەڵگەی ئەکادیمی نێودەوڵەتی بێتە دەنگ، چونکە وەک خۆی دەڵێت: "کەس نازانێت سبەی نۆرەی کام زانکۆیە ببێتە قوربانی."

لە کۆتاییدا، وەزیرەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکانی و زۆربەی وڵاتان هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ڕەهای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.