لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ڕووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلدا ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون و ڕەوانە نەخۆشخانە کران.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، لە نزیک گوندی بەردەسووری کۆن لەسەر ڕێگای سەرەکیی کەلار – دەربەندیخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا کراون) و بارهەڵگرێکی جۆری (مێرسیدس ئەتیکۆ) پێکیاندادا.
هاتوچۆی گەرمیان ڕوونی کردووەتەوە، ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە ئۆتۆمبێلە تۆیۆتاکە بە ئاراستەی کەلار هاتووە و بارهەڵگرەکەش لە گوندی بەردەسوور پێچکردنەوەی ئەنجام داوە، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا هەردوو شۆفێرەکە و سەرنشینێکی ناو تۆیۆتاکە بریندار بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هاتوچۆی گەرمیان ئاماژە بەوەش کراوە، بریندارەکان لەدایکبووی ساڵانی 1956، 1983، 1998ـن و بۆ وەرگرتنی چارەسەری ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. لە ئێستاشدا تیمەکانی هاتوچۆ لە شوێنی ڕووداوەکەن و لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکار و چۆنییەتی ڕووداوەکە بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.