ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی (فارس)ـی ئێرانی ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە دەستیان بە پڕۆسەیەکی گەڕان و پشکنین کردووە بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەوانێکی ئەمریکی، دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکەی لەلایەن بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە پێکراوە و خراوەتە خوارەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزە ئێرانییەکان لەو ناوچەیەی فڕۆکەکەی لێ کەوتووەتە خوارەوە لە هەوڵی دۆزینەوەی فڕۆکەوانەکەدان، بەڵام تا ئێستا وردەکاری زیاتر لەبارەی شوێنی وردی ڕووداوەکە و بارودۆخی فڕۆکەوانەکە بڵاونەکراوەتەوە.
هاوکات لایەنی ئەمریکی بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی و چارەنووسی فڕۆکەوانەکە نەداوە.
ئەم پێشهاتە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە مانگێکە گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە گەیشتووەتە لوتکە، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکە و دامەزراوەکانی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کە بووەتە هۆی پەکخستنی جوڵەی بازرگانی لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.