Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 11:27

ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران: پرد و وێستگەی دیكەی كارەبا دەكەینە ئامانج

کوردستان TV
100%

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هۆشداری دایە بەرپرسانی ئێران كە ئەگەر بە خێرایی رێككەوتن نەكەن، پرد و وێستگەكانی كارەبای دیكەی وڵاتەكە دەكەنە ئامانج و وێرانیان دەكەن.

ترەمپ ئەمڕۆ هەینی لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیال) رایگەیاندووە: سوپاكەمان كە گەورەترین و بەهێزترینە لە هەموو جیهاندا، هێشتا دەستی بە لەناوبردنی ئەو شتانە نەکردووە کە لە ئێراندا ماونەتەوە.

راشیگەیاندووە: پردەكانی ئێران هەنگاوی داتوومانن، دوای ئەوانیش وێستگەكانی وزەی كارەبا دێن.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشداوە: بەرپرسانی نوێی ئێران ئێستا دەزانن دەبێت چی بكەن، با هەر ئێستا و بەپەلە ئەنجامی بدەن.

ئەم لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ لە كاتێكدایە كە دوێنێ پێنجشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا پردی (بی 1)یان كردە ئامانج و رووخاندیان، ئەو پردە گەورە و ستراتیژی و گرنگە هەردوو شاری تاران و كەرەجی بەیەكەوە دەبەستییەوە.

دواتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پۆستێكدا ڤیدیۆی رووخانی پردەكەی بڵاو كردەوە لەسەری نووسیبوو "گەورەترین پردمان لە ئێران رووخاند بەشێوەیەك كە ناتوانرێت جارێكی دیكە بەكار بهێنرێتەوە، كاری دیكەش لە داهاتوودا دەكەین".

ترەمپ هەروەها نووسیبووی "ئێستا كاتی ئەوەیە ئێران رێككەوتن بكات بەر لەوەی دۆخەكە بەتەواوەتی لەدەست دەربچێت، پێش ئەوەی ئەو وڵاتە هیچ شتێكی نەمێنێتەوە كە دەكرا ببێتە وڵاتێكی مەزن".

پردی (بی 1) بە یەكێك لە بەرزترین پردەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرا و ئەمساڵ بەفەرمی بەڕووی هاتوچۆكەراندا كرابووەوە و مەڕاسیمی بۆ ئەنجامدرابوو.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.