وەزارەتی ناوخۆی عێراق هۆشدارییەكی بەپەلەی بۆ دانیشتووانی 5 پارێزگای عێراق بڵاو كردەوە بەهۆی مەترسی دروستبوونی لافاو و كۆبوونەوەی ئاو لەو پارێزیانەدا.
لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتووە "داوا لە دانیشتووی پارێزگاكانی كەركووك، دیالە، ئەنبار، واسیت و سەلاحەدین دەكەین زۆر ئاگاداری خۆیان بن و دوور بكەنەوە لە دۆڵ و چەم و ناوچە نزمەكان و هەروەها لە نزیك رووبار و سەرچاوە ئاوییەكان، چونكە بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا چاوەڕوان دەكرێت سبەی چوارشەممە و دووسبەی پێنجشەممە بارانێكی زۆر ببارێت".
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە "پێویستە هەمووان پابەندی رێنماییەكانی سەلامەتی بن و دووربكەوەنەوە لەو شوێنانەی كە سەرچاوەی مەترسین بۆ دروستبوونی لافاو و كۆبوونەوەی ئاو".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختیشی كردەوە كە تیمەكانی بەرگریی شارستانی و ئەمنی و لایەنە پەیوەندارەكان بەشێوەی مەیدانی لە زۆربەی ناوچەكان بڵاوەیان پێ دەكرێت بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.
ئەم راگەیەنراوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كاتێكدایە كە بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، چاوەڕان دەكرێت سبەی چوارشەممە و دووسبەی پێنجشەممە شەپۆڵێكی چڕی بارانبارین تەواوی ناوچەكانی عێراق بگرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.