بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکان ڕایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و هۆشداریش دەدرێتە هاووڵاتییان لە کەناراوەکانی سیروان دوور بکەونەوە.
ڕۆژی دووشەممە 23ـی ئادار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماری 24 کاتژمێری ڕابردووی بڵاو کردەوە، بەپێی ئامارەکان تەنیا لەو ماوەیەدا 242 مەتر سێجا ئاو ڕووی لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان کردووە، ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان 83 سانتیمەتر و بەنداوی دەربەندیخان 30 سانتیمەتر بەرز بووەتەوە.
سەبارەت بە بەنداوی دهۆک، بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاند، بەنداوەکە 2.5 ملیۆن مەتر سێجا داهاتی ئاوی هەبووە و یەک مەتر بەرز بووەتەوە. هەروەها لە سنووری پارێزگای هەولێریش، بەنداوی گۆمەسپان نیو ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێچووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش داوە، زۆربەی بەنداوە بچووک و مامناوەندەکان بە تەواوی پڕ بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی زیادبوونی بڕی ئاو، بڕیار دراوە ئەمڕۆ بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان زیاتر بکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و گەشتیاران بۆ پاراستنی سەلامەتییان، لە ڕووباری و کەناراوەکانی خوارووی بەنداوەکان دوور بکەونەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.