Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 12:01

مەسرور بارزانی: هەموو شتێک دەکەین بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت، هەرگیز بەشێک نەبوون لە کێشەکان.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت دڵنیابن لە خەمی خەڵکی خۆمانداین و هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی پارێزراوبین و لە مان و نەمان پێکەوە دەبین و نایەڵین کێشەکان کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی هەبێت، بە هەموو توانایەک کار دەکەین بۆ ئەوەی کوردستان پارێزراوبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی دۆخی ناوچەکە و بەردەوامی شەڕ گوتی: ئێمە بەشێک نین لەم شەڕە و دەمانەوێت کوردستان پارێزراوبێت، هەرچەندە بەداخەوە چەندین جار پەلاماری کوردستان دراوە بە درۆن و بەمووشەک کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، هەرێمی کوردستان نە مەترسی بووە بۆ دراوسێکان نە دەشبێتە مەترسی و نە بەشێکە لە هیچ مەترسی و پلانێک بۆ سەر هیچ لایەنێک، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەیی نێودەوڵەتی و ‌عێراق دەکەین رێگری بکەن لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو گرووپ و هێزە لە یاسادەرچووەکان کە بە درۆن پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن، ئەم گرووپانە بەشێکن لە عێراق و لەلایەن ‌عێراقەوە پڕچەک کراون دەبێت سنووریان بۆ دابنرێت.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی "سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین کە رۆڵیان هەیە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و سوپاسیان دەکەین، هەروەها سوپاسی خەڵکی خۆراگری کوردستانیش دەکەم کە بەشێکن لە بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان".

لەبارەی هەناردەکردنی نەوتەوە گوتیشی "هەرێمی کوردستان پەرۆشی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستانە و هیچکەس لە ‌ئێمە خەمخۆری مووچەی مووچەخۆران نییە و دڵنیاتان دەکەینەوە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، ئەوەی کە عێراق داوا دەکات لە رێگەی هەرێمی کوردستان لە کەرکووکەوە نەوت بنێرێت و داوای گرەنتیمان کردووە کە هەرێمی کوردستانیش بتوانێت نەوت بەرهەم بهێنێت و لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکاشەوە گوتی "ئەمریکا لەگەڵ ئەوەیە نەوت هەناردە بکرێت".

لەبارەی سیستمی ئەسیکۆداشەوە گوتی "هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی لەگەڵ سیستمەکەدا نییە و تەنیا داوامان کردووە کە میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی لە هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ بکرێت و داوامان کردووە کاتمان بدرێتێ بۆ ئەوەی سیستمەکە لە کوردستانیش جێبەجێ بکرێت".

لەبارەی خۆراک و ئاسایشی خۆراکیشەوە، سەرۆكی حكوومەت گوتی "تووشی کێشەی خۆراک نابینەوە و ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان تووشی کێشە نەبن".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.