سوپای پاسداران ژمارەیەک پێگەی ئیسرائیلی لە تەلئەڤیڤ بۆردومان کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر لەم هێرشانەدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نەکوژرابێت، لە هێرشکردن بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سەبارەت بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ بڵاو کردەوە و تێیدا هەڕەشەی کوشتنی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، هێزەکانیان شەپۆڵێکی نوێی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە چوارچێوەی قۆناغی 52ـەمینی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستەقینەی 4" ئەنجامداوە. جەختیش کراوەتەوە کە لەو هێرشانەدا چەندین پێگەی ئیسرائیلی و ئەمریکی لە ناوچەکەدا کراونەتە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ کوژرانی ژمارەیەک کرێکاری ئێرانی لە شارە پیشەسازییەکان، کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گیانیان لەدەست دابوو.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوازێکی لێکدراو ئەنجامدراوە و تێیدا چەندین پێگە لە نێو خاکی ئیسرائیل بە ئامانج گیراون کە ناوچە پیشەسازییەکانی تەلئەڤیڤیان گرتووەتەوە و هەروەها 3 بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پێکراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.