حكوومەتی پاكستان ئەمڕۆ هەینی بەفەرمی چوونە نێو دۆخی شەڕ و دەستپێكردنی جەنگێكی دیكەی لە جیهان بەرامبەر بە بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان راگەیاند، هەر ئەمڕۆش هێرشی ئاسمانی كرایە سەر كابوول و قەندەهار.
خواجە ئاسف وەزیری بەرگریی پاكستان كەمێك پێش ئێستا پەیامێكی ئاراستەی بزووتنەوەی تاڵیبان كرد و رایگەیاند "ئیتر ئارامی ئێمە كۆتایی هات، ئێستا جەنگی كراوە لەنێوان ئێمە و ئێوە دەستی پێ كردووە".
حكوومەتی پاكستان لەبارەی دەستپێكردنی جەنگ رایگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هێرشی ئاسمانیمان بۆ سەر شارەكانی كابوول و قەندەهار و باكتیكای ئەفغانی دەست پێ كرد وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی شەوی رابردووی ئەفغانستان بۆ سەر بنكە و بارەگا سەربازییەكانمان لەسەر سنوور كە بەهۆیەوە دوو سەربازی پاكستانی كوژران.
مەشرەف زەیدی گوتەبێژی حكوومەتی پاكستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی رایگاندبوو: تا ئێستا 133 چەكداری بزووتنەوەی تاڵیبان بەدەستی هێزەكانی سوپای پاكستان كوژراون، هەروەها زیاتر لە 200ی دیكەش بریندار بوون.
هەرزوو زەبیحوڵا موجاهید گوتەبێژ بزووتنەوەی تاڵیبان لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس وەڵامی ئەو هاوتا پاكستانییەی دایەوە و رەتی كردەوە هیچ چەكدارێكیان لە ئەنجامی دوایین هێرشە ئاسمانییەكانی پاكستان كوژرا یان بریندار بووبن.
هەر ئەوەندەش نا، گوتەبێژی سەرۆك وەزیرانی پاكستان ئاماژەی بەوەشدابوو كە بەهۆی هێرشە ئاسمانیەكانیان 27 بنكەی سەربازی بزووتنەوەی تاڵیبان كراونەتە ئامانج كە دواتر دەستبەسەر 9 لەو بنكە سەربازییانە گیراون، هەر بەهۆی هێرشەكان زیاتر لە 80 تانك و زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی ئەفغانی لەناوبراون.
لای خۆشییەوە وەزیری بەرگریی بزووتنەوەی تاڵیبان جەختی كردبووەوە كە شەوی رابردوو لە ئەنجامی دەستپێكردنی هێرشە زەمینییەكانیان توانیویانە دەستبەسەر 19 شوێنی سەربازی و دوو بنكەی سەربازی گەورەی پاكستانیدا بگرن، هەروەها 55 سەربازی پاكستانیش لەو هێرشانە كوژراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.