جەی دی ڤەنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، واشنتن پێی باشە کێشەی ئێران لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکات، بەڵام جەختی کردەوە کە بۆ ڕێگریکردن لە تاران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، "هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن."
ڤەنس ئاماژەی بەوە کرد کە دۆناڵد ترەمپ بە ڕوونی هێڵە سوورەکانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دیاری کردووە. ئەو وتی: "ئێمە نایەڵین چەکی ئەتۆمی بڵاو ببێتەوە، چونکە ئەگەر ئێران دەستی بەو چەکە بگات، وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش هەمان هەنگاو دەنێن، ئەمەش بۆ گەلی ئەمریکا کارەساتبار دەبێت."
سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئەم دواییە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتی: "دانوستانەکان لە لایەنێکەوە باش بوون و هەردوولا ڕێککەوتوون کە دووبارە کۆببنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوە ڕوون بووەوە کە ئێرانییەکان هێشتا ئامادە نین ئەو هێڵە سوورانە قبوڵ بکەن کە سەرۆک ترەمپ دەستنیشانی کردوون."
جەی دی ڤەنس جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا خاوەنی سوپایەکی زۆر بەهێزە و ترەمپ پێشتریش پێشانی داوە ئەگەر پێویست بکات سڵ لە بەکارهێنانی ناکات. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیدارەکەیان تیمێکی دیپلۆماسیی لێهاتووی هەیە و ئارەزووی ئەوە دەکەن لە ڕێگەی گفتوگۆوە بگەینە ئەنجام، بەڵام پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.