ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026 لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو فیکتۆریا تەیلەر جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ (عێراق- ئێران) و بەرپرسی بەشی دەستپێشخەری عێراق لە ناوەندی لێکۆلینەوەی ئەنجوومەنی ئاتلانتیک (Atlantic Council) کرد.
لەدیدارەکەدا بارودۆخی هەنووکەیی ناوچەکە بە گشتی و پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و دوا هەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و پەیوندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆیان لە بارەوە کرا.
هەر لەو دیدارەدا دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان و پێشهاتەکان خرانە بەر باس، خاتوو فیکتۆریا تەیلەر ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی سەرۆک بارزانی دا لە هەوڵەکانی لەگەڵ دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا بۆ جێگیربوونی ئاگربەست و گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکان، و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە دەمانەوێت ئاشتی و ئارامی لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بەرقەراربێت و ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام بێت، و هەردوولا پابەندبن بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنی نێوانیان لەپێناو نەمانی شەڕ و ئاڵۆزی، لەو پێناوەشدا هەرچییەک بە ئێمە کرابێت لە ڕووی نێوەندگیری لەنێوان هەردوولا و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ لێقەومان و زیانبەرکەوتووان ئەنجاممان داوە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.