وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە چۆنیەتی کۆکردنەوە و گەیاندنی کۆمەک و هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پرۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو و سەلامەت دەستی پێکردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، دوای ئەوەی لە 22ی کانوونی دووەمی 2026، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵمەتەکە، بە دەمەوەچوونێکی گەورە لە لایەن هاونیشتیمانیانەوە دەستی پێکرد و بڕێکی زۆر لە شتومەک و پێداویستی جۆراوجۆر کۆکراونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، ئەرکی سەرپەرشتیکردن، پۆلێنکردن و گواستنەوەی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەستۆ دەگرن."
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە خێرخوازان دەکات لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانیان بەردەوام بن، بەڵام جەخت دەکاتەوە، پێویستە تەنها لە ڕێگەی ئەو میکانیزمە فەرمییەوە بێت کە دیاریکراوە. هەروەها ئاگاداری هاووڵاتییان و لایەنەکان دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک "کەلوپەل و کۆمەک نەبەنە سنوورەکان"، چونکە پرۆسەی پەڕینەوەی هاوکارییەکان پێویستی بە ئامادەکاری و ڕەزامەندی پێشوەختەی کارگێڕی و لۆجستی هەیە.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی ناوخۆ داوا لەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت هاوکاری بگەیەنن، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بکەن، تاوەکو بە شێوەیەکی ڕێکخراو کۆمەکەکانیان بگاتە دەستی خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.