Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 20:45

دەزگای خێرخوازیی بارزانی: 114 بارهەڵگر هاوکاری گەیشتووەتە ڕۆژئاوای کوردستان

کوردستان TV
100%

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی ئەو هاوکارییانەی ئاشکرا کرد کە گەیاندوویانەتە ڕۆژئاوای کوردستان  و ڕایگەیاند، تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا 114 بارهەڵگر هاوکاریی جۆراوجۆر گەیەنراونەتە ناوچەکە و هەڵمەتەکەش بەردەوامە.

 

قەبارەی هاوکارییەکان و ژمارەی سوودمەندبووان

بەپێی ئامارەکان، لە سێ ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی پڕۆسەکەدا، 5 هەزار و 827 خێزان کە دەکاتە 34 هەزار و 227 کەس، لە هاوکارییەکان سوودمەند بوون. هاوکارییەکان 22 جۆر ماددەی جیاوازی وەک (خۆراک، دۆشەک، بەتانی و پێداویستیی ناوماڵ)یان لەخۆگرتووە کە بەسەر 30 قوتابخانەدا دابەش کراون.

 

کەرتی تەندروستی و خۆراک

تیمە تەندروستییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمە حکومییەکان، ڕۆژانە چارەسەری پزیشکی بۆ خەڵک دابین دەکەن و تا ئێستا 1 هەزار و 367 کەس لە 12 قوتابخانەی جیاوازدا چارەسەریان بۆ کراوە. هەروەها لە کەرتی خۆراکدا، تا ئێستا 4 هەزار ژەمە خواردنی گەرم لە 3 مزگەوت و 4 قوتابخانەدا دابەش کراون و بڕیارە ڕۆژانە 3 هەزار ژەمە خواردنی تریش دابین بکرێت.

 

خزمەتگوزارییەکانی سووتەمەنی و ڕەخساندنی هەلی کار

دەزگاکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بۆ گەرمکردنەوەی ناوەندەکانی حەوانەوە، سووتەمەنی (گازوایل)یان بۆ 81 قوتابخانە دابین کردووە. هاوکات لەگەڵ کارە مرۆییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی دەرفەتی کار بۆ 200 کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە بڕەخسێنێت تا لە پڕۆسەی دابەشکردنی هاوکارییەکاندا کار بکەن.

 

تیمەکان و ناوچە سوودمەندەکان

ئێستا 150 کارمەندی دەزگاکە لە چوارچێوەی 12 تیمی مەیدانیدا بە شێوەیەکی بەردەوام کار دەکەن. چالاکییەکان تا ئێستا شار و ناوچەکانی (قامیشلۆ، دێریک، عامودا و گركێلەگێ)یان گرتووەتەوە.

ئەم هەڵمەتە فراوانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ کەمکردنەوەی مەینەتییەکانی دانیشتووانی ڕۆژئاوای کوردستان لەم بارودۆخە هەستیارەدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.