لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کراوە، دکتۆر قەنتا ئەحمەد، ئەندامی باڵای کۆڕبەندی ژنانی سەربەخۆی ئەمریکا و ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی ئێزدی و کەسایەتیی ئایینی، هۆشداری دەدەن لە مەترسیی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی ڕەگەزی دژ بە کورد، ئێزدی و مەسیحییەکان لە سوریا و داوای دەستوەردانی بەپەلەی واشنتن دەکەن.
مەترسی لەسەر کەمینەکان و شەپۆلی ئاوارەیی
لە نامەکەدا هاتووە کە هێزە توندڕەوەکانی سەر بە ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی نوێی سوریا، دەستیان کردووە بە ئاوارەکردنی خەڵکی سڤیل. ئاماژە بەوە دراوە کە تەنها لە دوای هێرشەکانی سەر حەلەب، نزیکەی ٥٠٠٠ کوردی ئێزدی ئاوارە بوون و لە بارودۆخێکی مرۆیی سەختدا دەژین.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ٢ ملیۆن هاووڵاتی کورد و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە هاوبەشی دڵسۆزی ئەمریکان، جارێکی دیکە لەبەردەم مەترسیی کۆمەڵکوژی و ڕفاندنی ژناندان.
ئازادکردنی چەکدارانی داعش
بەشێکی تری نامەکە تیشک دەخاتە سەر مەترسییە ئەمنییەکان و ڕادەگەیەنێت کە هێزەکانی ئەحمەد شەرع هەزاران چەکداری توندڕەوی داعشیان لە زیندانی "شەدادی" ئازاد کردووە. ئەم هەنگاوە وەک تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژ بە تیرۆر وەسف کراوە، کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە حەسەکە و ناوچەکانی تری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
داواکارییەکان لە دۆناڵد ترەمپ
واژۆکەرانی نامەکە داوا لە ترەمپ دەکەن:
١. دەستبەجێ دەستوەردان بکات بۆ پاراستنی ئازادییە ئایینییەکان و کەمینە بێدەرەتانەکان.
٢. حکوومەتەکەی ئەحمەد شەرع و تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ بە بەرپرسیار بزانێت لە هەر کارەساتێکی مرۆیی کە ڕوو بدات.
٣. ڕێگری بکات لە سەرهەڵدانەوەی داعش کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بە قوربانیدانی گەورەی کوردەکان تێکشێندرا.
واژۆکەرانی نامەکە
ئەم نامەیە لەلایەن چەندین لایەنی کاریگەرەوە پشتگیری دەکرێت، لەوانە: دکتۆر قەنتا ئەحمەد (ئەندامی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا)، ڕەبای ئەبراهام کووپەر (سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەکان لە ئەمریکا)، پڕۆفیسۆر یان کیزیلهان، و سەرجەم ناوەند و "ماڵی ئێزدییان" لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا وەک (عەفرین، حەلەب، حەسەکە، و جزیر).
ئەم بانگەوازە لە کاتێکدایە کە گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی سوریا نیگەرانییەکی نێودەوڵەتی گەورەی لێ کەوتووەتەوە، بەتایبەت سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پێکهاتانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی تیرۆری داعش بوونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.