Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 00:16

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا: سەرۆک بارزانی هێمای تێکشکاندنی داعشە

کوردستان TV
100%

 

سەرۆک بارزانی و گوێدۆ کرۆسیتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە شاری ڕۆما کۆ بوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەرۆکی گفتوگۆکانیان بۆ ڕای گشتی خستە ڕوو کە تێیدا جەختیان لەسەر پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان کردەوە.

 

سەرۆک بارزانی: کار دەکەین بۆ ئەوەی شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگیرێت

لە دەستپێکی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی گەلی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "سڵاوم بۆ هەموو خەڵکی کوردستان هەیە، دڵنیابن کە گەلی کوردستان هەر دەمێنێت، تەنانەت ئەگەر لەژێر گوشارێکی زۆریشدا بێت."

سەبارەت بە بارودۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام لە پەیوەندیدان لەگەڵ لایەنەکان و وتی: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی شەڕ لە سووریا ڕابگیرێت و پەرە نەسێنێت، بۆ ئەوەی ناوچە کوردییەکان لەوێ پارێزراو بن. بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیمان بە میری قەتەر و پاشای ئوردن و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کردووە."

سەرۆک بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە "بۆ ئێمە لە هەموو شتێک پیرۆزتر، کەرامەت و هەبوونی کوردە. ئامانجمان ئەوەیە خەڵکی ئێمە لە ڕۆژئاوا تووشی ئازار و دەستدرێژی نەبن و بە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێن."

 

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا: سەرۆک بارزانی هێمای تێکشکاندنی داعشە

لای خۆیەوە، گوێدۆ کرۆسیتۆ وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "ئیتاڵیا دۆستێکی دێرینی هەرێمی کوردستانە. ئێمە باش دەزانین گەلی کورد و پێشمەرگە چییان کرد بۆ تێکشکاندنی داعش، بە تایبەت ڕۆڵی سەرۆک مەسعوود بارزانی کە هێمایەکی گەورەی ئەو شەڕەیە."

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا نیگەرانیی وڵاتەکەی بەرامبەر پەرەسەندنەکانی سووریا دەربڕی و وتی: "کوردستانی عێراق ناوچەیەکی سەقامگیرە لە ناو جەرگەی ناوچەیەکی ناسەقامگیردا، بۆیە پاراستنی ئەم سەقامگیرییە بۆ ئێمە ئەولەویەتە. کار دەکەین بۆ ئەوەی، ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات کاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەرێمی کوردستان نەبێت."

هەروەها ئاماژەی بە مەترسییەکانی داعش کرد و ڕایگەیاند: "زۆر نیگەرانین لە ڕەوشی ئەو زیندانانەی چەکدارانی داعشیان تێدایە لە سووریا. ئیتاڵیا لەگەڵ ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ناوچەکە کار دەکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش و هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر کوردان بکرێت."

لەکۆتاییدا وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا جەختی کردەوە کە هەماهەنگیی سەربازی و سیاسییان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و پەرەی پێ دەدەن.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.