فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە راگەیەنراوێكی لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە و ئاشكرای دەكات كە "دۆخی سووریا چووەتە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە".
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەش دەكات "بانگەوازێکی ڕوون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ بگرن ە هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ڕۆژئاڤا".
بەیاننامەكەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق:-
بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتە مەترسیدارەکانی ڕۆژئاڤا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین، داتا مەیدانی و سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخی سووریا چووەتە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی توندوتیژی و سەرهەڵدانەوەی ئایدیۆلۆژیای توندڕەو مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و بوونی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە دروست دەکات،
بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، بازنەیەکی نوێی قەیران دروست دەکات و سیاسەتەکانی زۆرەملێ و ئینکاری و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری بەرهەم دەهێنێتەوە، سیاسەت گەلێک کە قبووڵ ناکرێت و دژی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئاشتیانەن، بۆیە جەخت لەسەر پێویستی هەموو هەوڵێک دەکەینەوە بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی توندوتیژی و کۆتاییهێنان بە سیاسەتى سڕینەوە و نکۆڵیکردن و وەستاندنی هەر کردارێک کە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامە یان سەپاندنی ئەمری واقع بێت،
بە پشتبەستن بە بەرپرسیارێتی و ئەرکی پەرلەمانی و نیشتمانیمان، بانگەوازێکی ڕوون لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، وە هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە ڕۆژئاڤا، هەروەها پشتیوانی لە پرۆسەیەکی سیاسی دادپەروەرانە بکەن کە مافەکانی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە دەستەبەر بکات و سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا بەرەوپێش ببات ،
ئایندەی سووریا ناتوانرێت لەسەر توندوتیژی یان ئینکاری بنیات بنرێت، بەڵکو لەسەر دیالۆگ و دانپێدانانی یەکتر و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی نەتەوەیی و کولتووری و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و کەرامەت بۆ هەمووان بونیاد دەنرێت .
فراکسیۆنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
لە پەرلەمانی عێراق
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.