Erbil 31°C یەکشەممە 09 ئاب 19:28

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 27ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان تیڤی 

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دەزگای سەتەلایتی کوردستان دەکات و کوردستان تیڤی بە "قوتابخانەی پێگەیاندنی میدیاکاران" وەسف دەکات.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی 27ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان تیڤی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئەو دەزگایە کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ستایشی ڕۆڵی کوردستان تیڤی دەکات وەک یەکەمین کەناڵی ئاسمانیی کوردستان کە وەرچەرخانێکی گەورە بووە لە مێژووی ڕاگەیاندندا و هەمیشە پەیامی ئاشتی و یەکڕیزی کردووەتە سەرمەشق.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بەڕێزان بەڕێوەبەر و کارمەندانی دەزگای سەتەلایتی کوردستان

یادی (27) ساڵەی دامەزراندنی کوردستان تیڤی، بە گەرمی لە ئێوە و بینەرانتان پیرۆز دەکەم. بە ڕێز و پێزانینەوە لە مێژووی گەش و خزمەتی بەردەوامی دەزگاکەتان دەڕوانم.

کوردستان تیڤی، وەک یەکەمین کەناڵی ئاسمانیی کوردستان، تەنیا وەرچەرخانێکی گەورە نەبوو لە مێژووی ڕاگەیاندنی کوردستاندا، بەڵکو بووە قوتابخانەیەک بۆ پێگەیاندنی میدیاکاران و کردنەوەی دەروازەیەک بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کوردستان بە جیهان.

جێگەی دەستخۆشییە کە ئەم دەزگایە، دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک، هێشتا پارێزگاری لە سەنگینی و متمانەی خۆی کردووە. هەمیشە وەک کەناڵێکی بەرپرسیار، پەیامی ئاشتی، یەکڕیزی، پێکەوەژیان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمانی کردووەتە سەرمەشق.

هیوای پێشکەوتن و نوێبوونەوەی بەردەوامتان بۆ دەخوازم، بۆ ئەوەی هەمیشە وەک سەکۆیەکی ڕاستگۆ و نیشتمانی لە خزمەتکردنی کولتوور و دۆزی ڕەوای گەلەکەماندا بەردەوام بن.

هەر سەرکەوتوو بن.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
17/1/2026

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.