ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە خۆپیشاندانەكان لە ئێران پەرەیان سەندووە و لە ئەنجامی هێرشكردنە سەر بارەگایەكی پۆلیس لە سنووری پارێزگای لوڕستان 20 كەس بوونەتە قوربانی.
ئاژانسی فارس بڵاوی كردەوە: لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی شاری ئەزنا لە سنووری پارێزگای لوڕستانی رۆژئاوای ئێران، گرژی دروستبووە و خۆپیشاندەران هێرشیان كردۆتە سەر بنكەی پۆلیسی شارەكە.
بڵاویشی كردەوە: خۆپیشاندەران بە دار و بەرد هێرشیان كردۆتە سەر بنكەی پۆلیسی شاری ئەزنا و چەند ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی پۆلیسیان سوتاندووە، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەكانی هەردوولا 3 كەس كوژران و 17 كەسی دیكە بریندار بوون.
لە شاری خوڕەم ئاباد لە پارێزگای مازندەرانیش گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیس دروستبووە، خۆپیشاندەران دروشمی دژی حكوومەت و دەسەڵاتدارانی ئێرانیان گوتووەتەوە، بەهۆیەوە هێزەكانی پۆلیس بەشێك لە خۆپیشاندەرانیان دەستگیر كردووە.
بەرپرسانی پۆلیسی پارێزگای مازندەران داوایان لە هاووڵاتییان كرد چاودێری رۆلەكانیان بكەن و لێ نەگەڕێن پەیوەندی بە خۆپیشاندەر و تێكدەرانەوە بكەن. جەختیشیان كردەوە كە ئەوان وەك پۆلیس ئەركیان پاراستنی ئاسایش و رێگریكردن لە هەر كارێكی تێكدەرانە و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە خۆپیشاندان لە شارەكانی ئێران پێ نایە رۆژی پێنجەمەوە، هۆكارەكەشی بۆ خراپی گوزەران و دۆخی ئابووری وڵات و هەروەها ناڕەزایەتییەكان سەبارەت بە شكستی حكوومەت لە سیاسەتی ئابووری وڵاتە.
بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەش، مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران فەرمانی بە وەزیری ناوخۆ كردبوو گوێ لە داواكاری ڕەوای خۆپیشاندەران بگرن و هەوڵ بدەن لە رێگەی نوێنەرەكانیان بەشێوەی راستەوخۆ قسەیان لەگەڵ بكەن و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.