Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 06:25

راگرتنی هەناردەی گازی ئێران و بۆ عێراق بە هۆی بارودۆخی نائاسایی لە ناوخۆی ئێران بووە

دیدار شهاب
100%

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند بارودۆخی لەناکاو و نائاسایی لە ناوخۆی ئێراندا بووەتە هۆی ڕاوەستانی هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق.

ڕۆژی چوارشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2025، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لایەنی ئێرانی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە کە بە هۆی بارودۆخێکی لەناکاو و نائاسایی لە ناوخۆی ئێراندا هەناردەی گاز بۆ عێراق بە تەواوی ڕادەگرن.

هەموو ساڵێ لە وەرزی زستاندا و بە هاتنی شەپۆلی سەرما بۆ ناوچەکە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانی خۆی تووشی کورتهێنانی گاز و کارەبا دەبێت و ئەمەش وا دەکات توانای هەناردەکردنی کەم بێتەوە.

وەزارەتی کارەبای عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "لایەنی ئێرانی لە ڕێگەی تەلەگرافێکی فەرمییەوە وەزارەتی کارەبای ئاگادار کردووەتەوە لە ڕاگرتنی تەواوەتی هەناردەی گاز، ئەوەش بەهۆی 'بارودۆخێکی پێشبینینەکراو و نائاسایی' لە ناوخۆی ئێراندا."

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی "سووتەمەنی جێگرەوە" بۆ کارپێکردنی وێستگەکان. جەختیشی کردەوە کە بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و وێستگەکان بەردەوامن لە کارکردن سەرەڕای کەمیی گاز، هەروەها ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان و کاتی لوتکەی بەکاربردن بەردەوامن.

عێراق بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی کارەبا پێویستی بە نزیکەی 35 هەزار مێگاوات هەیە، کە یەک لەسەر سێی ئەم بڕە لە ڕێگەی گازی هاوردەکراوی ئێرانەوە دابین دەکرێت. هەرچەندە لە مانگی ئاداری 2024دا گرێبەستێکی پێنج ساڵە بۆ هاوردەکردنی ڕۆژانە تا 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز واژۆ کراوە، بەڵام قەبارەی هەناردەکە بەپێی پێداویستی ناوخۆی ئێران لە وەرزە جیاوازەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەم بڕانە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەو مۆڵەت و بەخشینەی هەڵوەشاندووەتەوە کە ڕێگەی بە عێراق دەدا پارەی گاز و کارەبای هاوردەکراو بە ئێران بدات، ئەمەش وەک بەشێک لە سیاسەتی "فشاری زۆرینە" دژی تاران هەژمار دەکرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.