Erbil 31°C سێشەممە 16 حوزەیران 00:32

وەزارەتی كارەبای عێراق: هاوردەكردنی غازی ئێرانی بەتەواوەتی راگیرا

کوردستان TV
100%

وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرای كرد، بەتەواوەتی هاوردەكردنی غازی ئێرانییان راگرتووە، ئاماژەی بەوەش دا كە پلانی جێگرەوەیان بۆ كورتهێنانی غاز بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا داناوە.

وەزارەتی كارەبا ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: كۆتاییمان بە هاوردەكردنی غازی ئێران هێناوە، بەمەش بەهۆی وەستانی بەشێك لە وێستگەكانی كارەبا ئێستا 4000 بۆ 4500 مێگاوات كارەبامان كەم بووەتەوە و ئەمەش كاری كردووەتە سەر كەمبوونەوەی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا.

بڵاویشی كردەوە: ئێرانیش لای خۆیەوە پەیامی وەستانی تەواوەتی هەناردنی غازی بۆ عێراق گەیاندووە، بەو هۆیەوە وەزارەتەكەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت پشتی بە سەرچاوەی سووتەمەنی دیكە بەستووە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا.

وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەش دا كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ هاتنی سەرما و سۆڵەی زستان لە رێگەی چاككردنەوە و ئامادەكردنی وێستگەكانی كارەبا.

دوایین مۆڵەتی ئەمریكا بۆ عێراق بە مەبەستی هاوردەكردنی غازی ئێرانی لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ كۆتایی هاتووە، پێشتریش لە ساڵی 2018ـەوە ئەمریكا چەندین جار مۆڵەتی بۆ عێراق بۆ هاوردەكردنی غازی ئێرانی درێژ كردبووەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی كارەبای عێراق بڵاوی كردبووەوە، وڵاتەكەیان لە رێگەی چوار هێڵی گواستنەوەی بۆڕی غازەوە بەبەردەوامی بۆ 1000 مێگاوات كارەبا غازی لە ئێران هاوردە دەكرد.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.