Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 21:10

ئەمریكا 5 ملیۆن دۆلار دەداتە هەر كەسێك زانیارییان لەسەر ئەم كەسە پێ بدات

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕیاری داوە بڕی 5 ملیۆن دۆلار بداتە ئەو كەسەی زانیاری لەسەر شوێنی سەرۆكی گرووپێكی مافیایی ئیكوادۆری بەناوی (چۆرۆن) پێ دەدات.

لە راگەیەنراوێكی ئەمڕۆ پێنجشەممەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هاتووە: هەر كەسێك زانیاریمان لەسەر فرانسیسكۆ بێرمۆدێز كاگوا ناسراو بە (چۆرۆن) سەرۆكی گرووپێكی مافیایی ئیكوادۆری پێ بدات كە ببێتە هۆی دەستگیركردنی، بڕی 5 ملیۆن دۆلاری پێ دەدەین.

ئەمریكا چۆرۆن بە بازرگانێكی مەترسیداری ماددەی هۆشبەر و فرۆشتنی چەك بە گرووپە مافییەكانی دیكە تۆمەتبار دەكات.

ئەمریكا پێشتریش لە ناوەڕاستی ئەمساڵ چۆرۆنی بەوە تۆمەتبار كردبوو كە هاوكاری چەند گرووپێكی دیكەی لە نیۆیۆڕك كردووە بۆ پلانگێڕی و ئاژاوەنانەوە، هەر بۆیە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەكراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێیوایە گرووپە مافیاكەی چۆرۆن یەكێكە لە مەترسیدارترین و خوێنڕێژترین گرووپەكان لە ئیكوادۆر و لە هەموو جیهان.

حكوومەتی ئیكوادۆر پارساڵ گرووپەكەی چۆرۆنی خستە لیستی تیرۆرەوە، دوو مانگ بەر لە ئێستاش ئەمریكا بەفەرمی گرووپەكەی بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەم دا.

ئیكوادۆر بە یەكێك لە مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان دادەنرێت بۆ ماددەی هۆشبەر و گرووپە تاوانبارییەكان، ساڵانە سەدان كەس لە هێزەكانی پۆلیس و گرووپەكانی مافیا بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی نێوانیان دەكوژرێن.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.