Erbil 31°C پێنجشەممە 01 تشرینی یەکەم 21:18

شەپۆلی بەهێزی بارانبارین و لافاو زیانی گیانی لێکەوتەوە

کوردستان TV
100%

3 کەس گیانیان لەدەستداوە و 18 کەس بریندارن و یەک کەس بێسەروشوێنە.
پردی ستراتیژیی داقوق ڕووخاوە و ڕێگەی کەرکوک-بەغدا پچڕاوە.
لە چەمچەماڵ و گەرمیان دۆخەکە سەختە و سەدان ماڵ و دووکان ئاویان تێچووە.
بەرهەمهێنانی ئاو لە هەولێر بۆ ماوەیەک ڕاگیرا.

 شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوکی گرتەوە، بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان لە سنووری سلێمانی، کەرکوک و گەرمیان لافاو دروست بووە و زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.

سلێمانی و چەمچەماڵ؛ زۆرترین زیان
لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەتایبەت لە قەزای چەمچەماڵ، بارانێکی بەلێزمە (8 ملم لە ماوەی 4 کاتژمێردا) باریوە و بووەتە هۆی لافاو. بەهۆیەوە:

دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و یەک کەس بێسەروشوێنە، هەروەها 12 کەس بریندار بوون.
زیاتر لە 500 ماڵ لە چەمچەماڵ و ژمارەیەک ماڵ لە گەڕەکی ڕاپەڕینی سلێمانی و بازیان زیانیان بەرکەوتووە.
ڕێگە سەرەکییەکانی (سلێمانی-چەمچەماڵ) و (کەرکوک-چەمچەماڵ) داخراون.
تۆڕەکانی کارەبا، ئینتەرنێت و خوێندنگەکان زیانیان بەرکەوتووە و دەوامی فەرمی لە زۆربەی ناوەندەکان ڕاگیراوە.
کەرکوک؛ ڕووخانی پردی ستراتیژی و خنکانی منداڵێک
لە سنووری پارێزگای کەرکوک دۆخەکە بەمشێوەیەیە:

منداڵێکی تەمەن (7) ساڵ لە گوندی "فرقانی" خنکاوە.
پردێکی ستراتیژی لە قەزای داقوق داڕماوە، بەمەش هاتووچۆی نێوان کەرکوک و بەغدا بەتەواوی پچڕاوە.
لە ناحیەی لەیلان پردێک ئاو بردوویەتی و ڕێگەی سەرەکی داخراوە.
گەرمیان؛ زیانی گەورە بەر پڕۆژە ئاوییەکان کەوتووە
لە ئیدارەی گەرمیان بارانی بەلێزمە (8٠ ملم) لافاوی لە کەلار و ڕزگاری دروستکردووە:

بەشێکی پڕۆژەی ئاودێری "سەلام" کە بە شادەماری گەرمیان دادەنرێت، بەتەواوی وێران بووە.
ڕێگەی نێوان کەلار-ڕزگاری پچڕاوە و بازاڕی ڕزگاری زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
دەیان ئۆتۆمبێل و ماڵ ژێر ئاو کەوتوون.
هەولێر؛ ڕاگرتنی پڕۆژەکانی ئاو و برینداربوونی پێشمەرگە
لە پارێزگای هەولێر زیانی لافاو کەمتر بووە، بەڵام:

بەهۆی هەورە بروسکەوە لە سنووری بالیسان (6) پێشمەرگە بریندار بوون.
بەهۆی لێڵبوونی ئاوی زێی گەورە، پڕۆژەکانی ئاو بۆ ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێر ڕاگیراون و داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت دەست بە ئاوەوە بگرن.
لە ناحیەی شەمامک ئاو چووەتە ناو چەند ماڵێکەوە.
هەڵەبجە، سۆران و ڕاپەڕین

هەڵەبجە: پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە و ئاستی ئاوی سیروان بەرزبووەتەوە.
سۆران: بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان و دەروازەی حاجی ئۆمەران دەستیپێکردووە و لە قەسرێ خانووێک ڕووخاوە.
ڕاپەڕین: ئاستی زێی بچووک بەرزبووەتەوە و لە حاجی ئاوا 3 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری دەدەنە هاوڵاتیان لە ڕێگەوبانەکان وریا بن و لە کەناری ڕووبارەکان دوور بکەونەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.