ئهمڕۆ شەممە ئۆکرایناو ئەمریکا لە فلۆریدا بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەریەک سەبارەت بە پلانی واشنتۆن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ رووسیا كۆبوونهوه، لهگهڵ ئهوهشدا هێشتا هێزەکانی رووسیا لە پێشڕەوی خۆیان لە هێرشە شەوانەکانیان بەردەوامن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریکا ئێوارەی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێشکەوتنی راستەقینە بەرەو هەر ڕێککەوتنێک پەیوەستە بە ئامادەیی رووسیا بۆ نیشاندانی پابەندبوونی جددی بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی، لەوانە هەنگاونان بەرەو کەمکردنەوەی توندوتیژی و وەستاندنی کوشتنەکان".
شاندی دانوستانكاری ههردوو لایهنی ئهمهریكا و ئۆكراینا کۆک بوون لەسەر چوارچێوەیەک بۆ ڕێکخستنە ئەمنییەکان و تواناکانی ڕێگری پێویست بۆ پاراستنی ئاشتی بەردەوام لە ئەگەری ڕێککەوتندا.
ئەو دانوستانانەی کە لە نزیک میامی بەڕێوەدەچن، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جارێد کوشنەر، زاوای سەرۆک کۆماری ئەمهریکا لە لایەنی ئەمهریکی و ڕوستەم ئومارۆڤ، سەرۆکی دانوستانکار و ژەنەڕاڵ ئەندری هاناتۆڤ لە لایەنی ئۆکراینا تیایدا بەشدارن.
لەوەتەی پلانەکەی ئەمهریکا نزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەر خراوهتهڕوو، چەندین خولی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکراینییەکان لە جنێڤ و میامی بەڕێوەچووە بە ئامانجی هەموارکردنەوەی دەقەکە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی کیێڤ لەبەرچاو بگیرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.