ئه‌مڕۆ هەینی لە شاری ئەسینای پایتەختی یۆنان، قوتابخانەکان داخران بەهۆی زریانێکی بەهێزەوە کە ناوچەکانی دیکەی یۆنانیشی گرتەوە و بەهۆیەوە لافاو دروستبووه و ڕێگاوبانەکانی ژێرئاو خستووه و گرفت بۆ هاتووچۆ و گواستنەوە دروست بوو.
کۆستاس تسیگاس، ئەندامی سەندیکای بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە، رایگەیاندووە کە زۆرترین ناوچه‌ی زیانلێکەوتوو لای ڕۆژئاوای ئەسینای گەورە بووه كه بارانبارینی زۆری لێكۆبووه‌ته‌وه و ڕێگاکانی به ته‌واوی داخست.
كۆستاس تسێگاس بۆ تەلەفزیۆنی گشتی یۆنان راشیگه‌یاندووه: ئۆتۆمبێلی سەربازی داواكراوه بۆ پاککردنەوەی ڕێگاکان و تیمه‌كانی شاره‌وانی و به‌رگریی له هه‌وڵی به‌رده‌وامدانه بۆ كردنه‌وه‌ی رێگا سه‌ره‌كییه‌كان.
دوێنێ پێنجشەممە گەردەلوولی زریانه به‌هێزه‌كه گەیشتە لوتکە کاتێک دەسەڵاتداران ناچاربوون یاری باسکە لە یۆرۆلیگ لەنێوان ئۆڵۆمپیاکۆس پیرایس و فەنرباخچەی تورکیا هەڵبوەشێننەوە.
روانگەی نیشتمانی ئەسینا ئاشكرای كردووه: له دوو رۆژی رابردوو تاكو ئه‌مرۆ هه‌ینی لە ڕۆژئاوای ئەسینای پایتەخت بە گشتی 245 ملم باران باریوە.
لای خۆیه‌وه، نیکۆس کریسۆیلۆس، جێگری سەرۆکی شارەوانی ئەسینای پایتەخت بۆ کاروباری کەشوهەوا ڕاگەیاندووە، زریانه‌كه لەڕادەبەدەر تووندوتیژە، بەڵام تا ئێستا هیچ زیانێکی گەورەمان لە ئەسینا تۆمار نەکردووە ته‌نیا رێگا سه‌ره‌كییه‌كان به‌هۆی كه‌ڵه‌كه بوونی ئاوی زۆر داخراون و قوتابخانه‌ش به‌شێوه‌ی كاتیی داخراوه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.