Erbil 31°C یەکشەممە 27 ئەیلوول 16:58

تۆمەتباری کوشتنەکەی عەلوەی سلێمانی خۆی ڕادەست کرد

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای دروستبوونی گرژی لەنێوان دوو شۆفێری بارهەڵگر لە عەلوەی سلێمانی کە بووە هۆی کوژرانی یەکێکیان، تۆمەتباری ڕووداوەکە خۆی ڕادەستی ئاسایش کرد و بە بڕیاری دادوەر ڕاگیرا.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی عەلوەی سلێمانی ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، شەوی 20ـی تشرینی دووەمی 2025، دوای دروستبوونی کێشە و دەمەقاڵێ لەنێوان دوو شۆفێری بارهەڵگر لە ڕێگای نێوان کەلار - سلێمانی و بە گەیشتنیان بە عەلوەی سلێمانی، دووبارە گرژی کەوتووەتە نێوانیان. لە ئەنجامدا، یەکێک لە شۆفێرەکان بە (دەرنەفیز) هێرشی کردووەتە سەر شۆفێری بەرامبەری و بە سەختی برینداری کردووە.

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، قوربانییەکە دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دەست پێ کردووە و لە ئەنجامدا تۆمەتباری ڕووداوەکە خۆی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی کرد.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا هاتووە، لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و بە ماددەی 406 لە یاسای سزادان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیدا بەردەوامە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.