ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئهمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بەستووی رووسیا لە ئەوروپا کاریگەرترین بژاردهیه بۆ دابینکردنی دارایی بۆ ئۆکراینا لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا.
هاوکات وڵاتانی باکوور و باڵتیک له ئهوروپا رایانگەیاند، کە به 500 ملیۆن دۆلار بەشداری دەکەن بۆ پلانی کڕینی چەکی ئەمریکی بۆ کێڤ.
لای خۆیهوه، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین لە وتارێکدا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل گوتی: ئێمە قەرزێک دەدەین بە ئۆکراینا، کە قەرزەکە دەداتەوە ئەگەر رووسیا قەرەبووی بداتەوە، ئەمەش کاریگەرترین رێگایە بۆ پاڵپشتیکردنی بەرگریی و ئابووری ئۆکراینا.
راشیگهیاند: ئەم قەرزە 140 ملیار یۆرۆیە بە کەڵک وەرگرتن لە سەروەت و سامانی بهستووی رووسیا له ئهوروپا دابین دەکرێت.
ڤۆن دێر لاین ڕوونیکردەوە کە ئەم چارەسەرە نوێنەرایەتی دیارترین ڕێگا دەکات بۆ ئەوەی رووسیا تێبگات کە کات لە لای خۆی نییە، ئێمە دەیسەلمێنین ئەگەر پێویست بوو به ههموو شێوهیهك لهگهڵ ئۆكراینا دهبین.
بەکارهێنانی سەروەت و سامانی ڕووسیا یەکێکە لەو سێ بژاردەی کە کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری کردووە بۆ دابینکردنی دارایی و پاڵپشتی ئەوروپا بۆ ئۆکراینا، کە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2026ەوە سەرچاوە داراییەکانی تەواو دەبێت، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ وەستانی پشتیوانییەکانی ئەمریکا.
وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پابەندبوون بە دابینکردنی ئەم پارەیە، بەڵام بژاردەکان سنووردارن.
یەکێتی ئەوروپا هیوادارە لە میانی لوتکەی ئەوروپا کە بڕیارە 18 و 19ی کانوونی دووەمی ئهمساڵ بەڕێوەبچێت، بگەنە رێککەوتن لهمهر پرسی هاوكارییه داراییهكان بۆ ئۆكراینا.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.