Erbil 31°C دووشەممە 21 ئەیلوول 17:50

ئامادەکارییەکانی حەجی 2026 لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

کوردستان TV
100%

ئامادەکارییەکانی حەجی 2026 لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و تاقیکردنەوە بۆ زیاتر لە 400 مورشیدی ئایینی ئەنجام دەدرێت.

 وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیدا بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی 2026، دەست بە تاقیکردنەوەی مورشیدە ئایینییەکان دەکات. بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، 13ـی تشرینی دووەم، زیاتر لە 400 مامۆستای ئایینی بەشداری لەم تاقیکردنەوەیەدا بکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمێکی کراوە و ئەلیکترۆنی بۆ ناونووسکردنی حاجیان، مامۆستایانی ئایینی، پزیشکان، کەسوکاری شەهیدان و خاوەن کۆمپانیاکان دانراوە. ئەم سیستەمە ڕێگەی داوە هەموو کەسێک بەبێ ڕۆتین و هیچ بڕە پارەیەک خۆی بۆ حەجی 2026 ناونووس بکات. لە ئەنجامدا، زیاتر لە 400 مامۆستای ئایینی داواکاری بوون بە مورشیدی ئایینییان پێشکەش کردووە.

د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لیژنەیەکی پسپۆری بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم تاقیکردنەوەیە ڕاسپاردووە. تاقیکردنەوەکە لەسەر هەردوو کتێبی (کتاب الحج) منهاج النووی و (کتاب الحج) فقه المنهجی دەبێت.
وەزیر ڕایگەیاندووە کە پرسیارەکان بۆ هەموو مامۆستایانی بەشداربوو لە تەواوی هەرێمی کوردستان یەک پرسیارە و لە یەک کاتدا دەستپێدەکات و کۆتایی پێدێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت و یەکسانی.

شوێن و کاتی تاقیکردنەوەکان:
تاقیکردنەوەکە کاتژمێر 9ی بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە سێ شاری سەرەکی ئەنجام دەدرێت:

هەولێر: مامۆستایانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران (150 مامۆستا) لە مزگەوتی سەواف تاقیکردنەوە دەکەن.

سلێمانی: مامۆستایانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لە مزگەوتی مامۆستا عەبدولکەریم مودەریس تاقیکردنەوە دەکەن.

دهۆک: مامۆستایانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە مزگەوتی جوودی تاقیکردنەوە دەکەن.

مەرجی سەرکەوتن:
تەنها ئەو مامۆستایانەی کە کۆنمرەی سەدا 75 یان زیاتر بەدەست دەهێنن، چانسی ئەوەیان دەبێت وەک مورشیدی ئایینی لە پرۆسەی حەجی 2026 بەشدار بن.

خزمەتگوزاری بۆ مامۆستایانی ئایینی:
شایانی باسە، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە 180 مامۆستای ئایینی بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر پرۆسەی حەجیان وەک مورشید و موفتی ئەنجام داوە. هەروەها، زیاتر لە 700 مامۆستای ئایینیش سوودمەند بوون.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.