ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه، گوتەبێژی چاودێرانی شەفافییەتی هەڵبژاردن رایگه‌یاند: لە هەر چوار بازنەى هەولێر، دهۆک، سلێمانی و کەرکووک، چاودێری راهێنراویان داناوه له ناوه‌نده‌كانی ده‌نگداندا، بۆ ده‌نگدانی تایبه‌ت و گشتیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق .
گوتەبێژی چاودێرانی شەفافییەتی هەڵبژاردن له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاند، لە هەر چوار بازنەى هەولێر، دهۆک، سلێمانی و کەرکووک 230 کەس چاودێرى هەڵبژاردنى تایبەت دەکەن، هەروەها هەزار و 921 کەسیش چاودێرى هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن.
گوتەبێژی چاودێرانی شەفافییەتی هەڵبژاردن ئه‌وه‌شی گوت: رێکخراوەکەیان لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكان مۆڵەتی فەرمیان لە هەرێم و بەغداد هەیە بۆ چاودێری پرۆسەی دەنگدانی گشتیی و تایبەت، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
ئاماژەى بەوەشکرد، چەندین ڕێکخراو چاودێرى هەڵبژاردنەکە دەکەن، لە سلێمانی ١٠، لە هەولێر پێنج، لە دهۆک دوو، لە کەرکووکیش شەش رێکخراو، هاوکات بۆردێک بۆ سەرپەرشتی پرۆسەکە درووستکراوە، کە لە سەرۆکی ڕێکخراوەکان و پارێزگارەکان پێکهاتووە.
هەروەها تیمێکی پارێزەرانی خۆبەخش کە 34 پارێزەرن بۆ سەرپەرشتی کردنی لایەنە یاسایەکانی پرۆسەکە كارده‌كه‌ن.
راشیگه‌یاند: دواتر راپۆرتی تایبه‌ت له‌سه‌ر چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ردوو ده‌نگدانی تایبه‌ت و گشتیی به‌رز ده‌كرێته‌وه بۆ لایه‌نی حكوومی و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.