فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان 24، تیشکی خستە سەر جیاوازییەکانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی و لایەنەکانی دیکە. میرانی جەختی کردەوە پارتی بەتەنها ڕووی لە بەغدا و جێبەجێکردنی دەستوور و ماددەی 140 بووە، لە کاتێکدا لایەنەکانی تر تەنیا ڕوویان لە ڕەخنەگرتن لە پارتی و سووکایەتیکردن بووە.
ناوبراو وڵامی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی دایەوە و بە قسەی "بێبنەما و بێئەدەبانە" ناوی بردن و گوتی ئەوانەی قسەی نەشیاو دەکەن، چۆن دەتوانن جارێکی دیکە بێنەوە و لەگەڵ ئێمە دانیشن.
قووڵایی ستراتیژی کوردستان لە بەغدایە و هەمووان دەبێت ڕوو لە عێراق بکەین
فازڵ میرانی سەرەتا سەبارەت بە جیاوازییەکانی هەڵمەتی بانگەشەی پارتی و لایەنەکانی دیکە ڕایگەیاند: "لام سەیرە، تەبیعەتەن یان ئێمە ڕاست نین، یان ئەوان ڕاست نین." ئەو ئاماژەی بە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد کە جەختی لەسەر قووڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا کردبووەوە. میرانی گوتی: "تا ئێمە لەم عێراقەین، قووڵایی ستراتیژی ئێمە لە عێراقە، چونکە مەرکەزییەتی قەرار، بودجە، پەیوەندیی دەرەوە، ئیعلانی شەڕ و ئاشتی، هەمووی لە بەغدا دەکرێت و ئێمە بەشێکین لەو عێراقە."
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەش کرد کە مەسەلەی جێبەجێ نەکردنی دەستوور تەنیا کێشەی کورد نییە، بەڵکو کێشەیەکی عێراقییە و دەبێت وەک سەرۆک بارزانی باسی کردووە پەرلەمانتارانی کورد نوێنەری هەموو پارێزگاکانی عێراق بن
لە وەڵامی پرسیاری ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنەکانی تر لەگەڵ پارتیدا، میرانی گوتی: "مەسەلەی ئێمە و ئەوانیش ئەوەیە، ڕێگە ڕاستەکە نابینن یان لە خۆڕا نابینن یان ناوێرن." داوای لە لایەنەکان کرد کە لەگەڵ پارتی یەک ڕێگە بگرنەبەر و لە جێی ئەوەی ئەوان ڕەخنە لە پارتی بگرن و ڕوویان لە پارتی بێت با هەموویان ڕوو لە عێراق بکەن.
لایەنە ئیسلامییەکان ماڵیان لە شووشەیە
سەبارەت بە لێدوانی سەرکردەی لایەنێکی ئیسلامی کە گوتبووی بودجەی پرۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان میراتی کەس نەبووە، فازڵ میرانی گوتی: "تەبیعەتەن باسی ئیسلامی سیاسی دەکەم، ئێمە هەموومان موسڵمانین. بەس خوا دەڵێ: 'یا أَیُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لِما تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ كَبُرَ مَقْتًا عِنْدَ اللَّهِ أَنْ تَقُولُوا مَا لَا تَفْعَلُونَ.'" ناوبراو گوتی ئەو مامۆستایە قسەیەکی چروکی کردووە کە دوای نیو سەعات خۆشی دەیزانی قسەیەکی باشی نەکردووە.
میرانی بەپێچەوانەوە پرسیاری لەو لایەنانە کرد و گوتی: "هەریەک لەوانە شتێکیان هەیە، ئێستا، سەیارەی هەیە و بارەگای هەیە و ماڵ و منداڵی هەیە و نەسرییەی هەیە و سەفەر دەکات و دوو پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەیە. ئەوەی ئەوان باسی دەکەن، لە کوێ هێناویانە." گوتیشی ئەگەر مەبەستی ئەوان سەرۆکی پارتی و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی هەرێمە ئەوا هەموو شاهیدی دەدەن ئەمانە هەموو کات ئەم شتانەیان هەبووە. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەگەر "ماڵی تۆ لە شووشە بێت، بەرد لە دەرگای خەڵکی تر فڕێ مەدە."
جەلال تاڵەبانی دەیگوت من لەگەڵ پارتی تێک نادەمەوە
فازڵ میرانی بەشێکی زۆری هەڤپەیڤینەکەی بۆ وەڵامدانەوەی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان تەرخان کرد. تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردن قسەی لەسەر "ئەوانەی دوای ئەنفالی بارزانییەکان سواری دەبابەی سەددام بوون" کردبوو. لە وڵامدا فازڵ میرانی گوتی: "پێش هەموو شتێک من لە پێش دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی، بە ڕەحمەت بێت، بە باوکییەوە، بە باپیریەوە، ئەوانەی ساغن، ئەوانەی نەماون، شەرم دەکەم کە ئەمە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی بێت." میرانی وەک خۆی گوتی بافڵ تاڵەبانی "هاتووە سەر ماڵێکی حازر" و مێژووی یەکێتی و بزووتنەوەی کوردی نازانێت.
لە وەڵامی قسەکانی تاڵەبانی سەبارەت بە 31ی ئاب، میرانی وتی: "ئەوانە لە شەست و چوار و لە شەست و شەش و تا حەفتا، سواری دەبابە بوون، ئەوان ئەڵێن ئێمە بە کێچ و سپێوە هاتینەوە. ئەوکات ئێمە لە شاخ بووین. ئەوان لەکوێ بوون؟ ئەوان لە شارەکان بوون. لە سلێمانی بوون، لە موسڵ بوون، لە بەغدا بوون".
میرانی پرسیاری لە تاڵەبانی کرد سەبارەت بە دەستکەوتەکانی 31ی ئاب بۆ کوردستان و لە بەرامبەردا باسی لە دەستدانی کەرکووک و شنگال و مەخمور و خانەقین و جەلەولا لە 16ی ئۆکتۆبەر کرد. گوتیشی: "ئەوانە لە شازدەی ئۆکتۆبەر چیان کرد؟ کوا کەرکووک؟ کوا شنگال؟ کوا مەخمور؟ کوا خانەقین؟ کوا جەلەولا؟"
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی: ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بەرانبەر بە پارتی دەیڵێت "بابیشی ئەمەی نەگوتووە. بابی بە ڕەحمەت بێت دەیگوت: 'من لەگەڵ ئێوە تێک نادەم.' گوتی: 'یەک جار پەشیمانم کە لەگەڵ ماڵی مەلا مستەفا بەجێم هێشتن." داواشی لە سەرکردایەتیی یەکێتی کرد کە ڕێگری لە قسەکانی تاڵەبانی بکەن. "ئەم قسانە باوەڕ بکە، بە قورئان منداڵ پێدەکەنن. خەڵکی، خەڵکی ئاقڵ شەرم دەکەن گوێی لێ ڕاگرن."
ئەو پرسیارێکی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە قسەی ناشیرین دەکەن: "چۆن لە ڕوویان دێت سبەی بێن لەگەڵ ئەو خەڵکە دابنیشن کە قسەی ناڕێکیان پێ گوتووە."
فازڵ میرانی جەختی کردەوە کە پارتی زمانی هەیە بۆ وەڵامدانەوە، بەڵام ئاستی خۆی لەوە بەرزتر دەزانێت بێتە ئەو ئاستە نزمە لە قسەکردن. "ئێمە میللەتێکی موئەدەبین. ئێمە میللەتێکی بە ئەخلاقین. ئێمە سلووکێکی تایبەتی ئیحتراممان هەیە. ئەمەی ئەوان دەیکەن لادانە لە داب و نەریتەکانی ئیجتماعی دینی سیاسی."
پێکنەهێنانی کابینەی دەیەم و پرسی ئازادی لە هەولێر
میرانی سەبارەت بە قسەکانی بافڵ تاڵەبانی کە گوتبووی "ئێمە نەمانهێشت کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک بێ"، وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئێمە ویستمان حکوومەت پێکەوە دروست بکەینەوە، ئەگەرنا هەوڵی جددیمان دابا و ئێستاش دەتوانین حکوومەت دروست بکەینەوە بەبێ ئەوان." جەختیشی کردەوە کە پارتی لە پێناوی پاراستنی دەستکەوتەکان و یەکڕیزیی کورددا نایەوێت یەکێتی پشتگوێ بخات.
لە بارەی پرسی ئازادی و قسەکانی تاڵەبانی کە گوتبووی "ئازادی لە هەولێر نییە، بەندیخانەکانیان پڕە لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووس"، فازڵ میرانی وەڵامی داوە: "ئەگەر ئەو یەک زەڕڕە، یەک زەڕڕە بیر بکاتەوە عاقڵانە، عەقڵی لەسەریدا بێت... ئەگەر نا عەقڵی بێتەوە هۆش، ئەی دوێنێ لە لالەزار دەبابەی بردووە. پێرێ جەسەدێکی ڕەژوو هاتووتەوە بۆ سۆران، دوێنێ یەکیان ناردووەتەوە بۆ خانەقین؟"
میرانی پرسیاری کرد ئایا لە گرتووخانە بوون باشتر نییە لەوەی کە بکوژرێن و ببنە جەسەدێکی ڕەژوو. گوتیشی "سەرەڕای ئەمانە چۆن لە ڕووی دێت ئەم قسانە بکات. ئەم برادەرە بە ڕاستی تەواو نییە. پێویستی بە عیلاج هەیە و برادەرانی یەکێتی ئەبێت کۆنترۆڵی بکەنەوە."
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئازادیی ڕاستەقینە دەبوو لەناو خودی یەکێتیدا هەبووبا بۆ ئەندام و تێکۆشەرەکانیان، نەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت.
پرۆژەی ڕووناکی؛ سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان هی کێن؟
سەبارەت بە پرۆژەی ڕووناکی و قسەکانی تاڵەبانی کە غازی بە موڵکی یەکێتی زانیبوو، میرانی بە ڕوونی وتی: "غاز و هەرچی لە بن عەرزدا و لەسەر عەرزدایە، نە موڵکی یەکێتییە بە تەنیا، نە موڵکی پارتییە بە تەنیا. موڵکی ئێمەیە کە جوزئێکین لەم میللەتە، لەم کوردستانە."
جەختیشی کردەوە "ئینسانی عاقڵ ئەم موزایەدانە ناکات لەبەر ئەوەی ئەمە دەستکەوتێکی هاوبەشە و دەبێت دەستخۆشی لە یەکتر بکرێت کە ئێستا وەزعی کارەبای وڵاتی ئێمە لە وەزعی عێراق باشترە. ئەمە دەستکەوتێکە. ئەویش شەریکە، براکەی جێگری ڕەئیسی حکوومەتە."
قسەی پارتی لە بەغدا دەڕوات و سلێمانی موڵکی کوردە نەک تاکە لایەنێک
فازڵ میرانی لە وەڵامی قسەکانی تاڵەبانی کە گوتبووی "تەنها ئێمە قسەمان لە بەغدا دەڕوات" و پارتی قسەی لە بەغدا ناڕوات، گوتی: "من لەگەڵیدا نیم قسەی ئێمە لە عێراق ناڕوات. مستەمسەکمان هەیە. هەرچی وفوودی عێراق کە دێن بۆ کوێ دەچن؟ ڕاستە ئەو دەچێتە بەغدا، بەڵام بەغداد دێتەوە لای جەنابی سەرۆک."
لە بارەی قسەکانی تاڵەبانی کە گوتبووی "پارتی دیموکراتی کوردستان خاکفرۆشە، خاک دەفرۆشێت بە تورکیا"، میرانی وەڵامی دایەوە و گوتی: " من دەڵێم خاکفرۆشتن لە کەیەوە دەستی پێ کردووە؟ لە ساڵی شەست و چوارەوە دەستی پێ کردووە. کێ دەستی پێکرد؟" ئەو ئاماژەی بەو کەسانە کرد کە لە سەردەمی شۆڕشدا خەڵکیان دەستگیر دەکرد و ڕادەستی عێراقیان دەکرد، کە بەلای میرانییەوە ئەوانە خاکفرۆش بوون.
سەبارەت بە قسەی "ئێوە ناتوانن سلێمانی بکڕن" و ئایا پارتی سلێمانی بە بەشێک لە کوردستان نازانێت، میرانی بە خوێندنەوەی ئەو شیعرەی شێخ ڕەزا تاڵەبانی کە دەڵێت "لە بیرم دێ سلێمانی کە دارولمولکی بابان بوو، نە مەحکوومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو." گوتی سلێمانی هی خەڵکی سلێمانییە، بەڵام تەماننامان دەکرد ئەو زمینەیەی ئەو لە هەولیر دەتوانێ ئیش بکات ئێمەش لە سلێمانی توانیبامان ئیش بکەین و خزمەتی خەڵکی سلێمانی بکەین.
فازڵ میرانی گوتیشی ناڵێم لە سلێمانی هیچ نەکراوە. هێندێک خزمەت کراوە. سەرۆکی حکوومەت ڕێگای دانا. ئاوی ئیفراز و ئاوی سلێمانی وەزیری شارەوانیی ئێمە پێکەوە بودجەیان بۆ دانراوە، ئەوەی ئیفراز خڵاس بووە هی سلێمانی هێشتا خڵاس نەبووە. گوتیشی پڕۆژە هەیە دوو جار بودجەیان وەرگرتووە بەڵام تەواویان نەکردووە.
باپیری بافڵ تاڵەبانی بە مەلا مستەفای گوت: من خائین بووم
فازڵ میرانی وەڵامی قسەکانی تاڵەبانی دایەوە سەبارەت بە مووچە و کێ کێشەکەی دروست کرد و کێ چارەسەری کرد، و جەختی کردەوە کە قوباد تاڵەبانی خۆی سەرۆکی شاند بووە کە پرۆژەی تەوتینی قبووڵ کردووە. "جارێک بە تەخویلی جەنابی سەرۆک و ئێمە، هەردوو حیزب چووە، یەک معاش هاتووە. ئەویش نەتیجەی یەکگرتنی مەسڵەحەتی ئێمە و عێراق بووە." ئەو گوتی ئەگەر ڕاست دەکات، با بچێت مووچەی مانگەکانی 9 و 10 و 11 بهێنێت.
لە بارەی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا، میرانی جەختی کردەوە کە کێشەی پارتی لەگەڵ بەغدا کێشەیەکی ستراتیژی و نەتەوەییە، نەک کێشەیەکی حیزبی. جەختیشی کردەوە "ئێمە بۆ میللەتێکیش دەکەین. ئێمە ئیستراتیژییەتمان هەیە."
سەبارەت بە قسەکانی بافڵ تاڵەبانی کە گوتبووی "پارتی دیموکراتی کوردستان خیانەتیان لە ئێزدییەکان کرد و تیجارەتی نەوتیشیان لەگەڵ داعش بوو"، فازڵ میرانی گوتی: "قسەیەکی قۆڕی کوردەواری بڵێم: 'خائین خائین دەناسێت.'" ئەو ئاماژەی بە مێژووی خیانەت لە ناو بزووتنەوەی کوردیدا کرد و گوتی "خیانەت ئەگەر باسی بکەن خراپە. ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، خیانەت شەست و سێ دەستی پێ کرد." گوتیشی من ئەمشەو هاتووم ڕەدی شتێک دەدەمەوە کە لای من شتێکی زۆر خراپە، ئەگەرنا ئەگەر ئەو قەبری باپیری خۆی هەڵتەکێنێت دەزانێ کێ خەیانەتی کردووە. لەبەر ئەوەی باپیری ساڵی 70 هاتەوە لای مەلا مستەفا. مەلا مستەفا لێی پرسی فڵان کەس من خائین بووم یا تۆ؟ وڵامی داوە ئەشەهەدومابیللا من خائین بووم.
فازڵ میرانی هۆشداریشی دا با ئەوان وا نەکەن ئێمەش قسە بکەین چونکە ئەگەر وەک ئەوان وڵام بدەینەوە قەبر هەڵدەتەکێنین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.