Erbil 31°C دووشەممە 27 تەمووز 00:08

ئەمریکا خۆی بۆ هێرشکردنەسەر ڤەنزۆیلا ئامادە دەکات

کوردستان TV
100%

رۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵ لەسەر زاری بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا ڕایگەیاند حکوومەتی ترەمپ بە مەبەستی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ڤەنزۆیلا، کۆمەڵێک ئامانجی لە ناو خاکی ئەم وڵاتەدا دەستنیشان کردووە.

سەرچاوەکان بەم رۆژنامە ئەمریکییەیان راگەیاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا سەبارەت بە هێرشی زەمینی بۆ سەر خاکی ڤەنزۆیلا بڕیاری نەداوە بەڵام سوپای ئەمریکا ئامادەیە هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر ئەو ئامانجانەی هی حکوومەتی ئەم وڵاتەن و پەیوەندییان بە گرووپەکانی قاچاغی ماددەهۆشبەرەکانەوە هەیە.

بە گوتەی ئەو بەرپەرسە ئەمریکییانە، بڕیاری ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی "پەیامێکی ڕاستەوخۆ"یە بۆ نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزۆیلا سەبارەت بەوەی "کاتی دەستلەکارکێشانەوەی" هاتووە.

یەکێک لە سەرچاوەکانی واڵ ستریت جورناڵ ئاماژەی بەوە کردووە ئامانجەکان ڕەنگە بەندەرگاکان، فڕۆکەخانەکان و دامەزراوەکانی هێزی دەریایی لەخۆ بگرێت کە لە کۆنترۆڵی سوپای ڤەنزۆیلادان و دەگوترێ بۆ قاچاغی ماددە هۆشبەرەکان کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

ئەم راپۆرتە جەختی کردووەتەوە سیاسەتی ئێستای ترەمپ و کابینەکەکەی ئەوەیە حکوومەتی مادۆرۆ ناسەقامگیر بکەن و هاوکاتیش سوپای ئەمریکا لە دەریای کارائیب و زەریای هێمن هێرش بکاتە سەر ئەو کەشتییانەی ماددەی هۆشبەر دەگوازنەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز دوو ڕۆژ پێشتر باسی لە ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزۆیلا کردبوو و ئاماژەی بەوەش کردبوو ئەو بەرپرسە سەربازییانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەی ئەمریکای لاتین دەوریان دەبێت، بەڵێننامەیان پێ واژۆ کراوە زانیارییەکان ئاشکرا نەکەن.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.