Erbil 31°C یەکشەممە 14 حوزەیران 07:00

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا، جەختی کردەوە کە خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان. باڵیۆزی فەرەنساش ستایشی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و باسی لە سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆکی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، کە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە: "ئێمە خوازیاری ئەوەین باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هەبێت، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەشە بودجەی تایبەت بە هەرێم لە بودجەی گشتيی عێراقدا".

هەروەها هیوای خواست ڕێککەوتنی ئەم دواییەی هەناردەکردنەوەی نەوت، ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا.

لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزی فەرەنسا دەستخۆشی پڕۆژە چاکسازییەکانی لە سەرۆکی حکوومەت کرد و ستایشی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە ئەنجامدانی پڕۆژەی تایبەت بە ژینگەپارێزی کرد.

هەروەها، باسی لە سەردانی چاوەڕوانکراوی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

لە کۆتاییدا، بیروڕا لەبارەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.