Erbil 31°C سێشەممە 14 تەمووز 01:29

ئەمریکا ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ حکوومەتی تاڵیبان ئەنجام دەدات

کوردستان TV
100%

ئادەم بۆهلەر نێردەی تایبەتی ئه‌مریكا بۆ کاروباری زیندانییەکان ئەمڕۆ شەممە لە میانی سەردانێکی دەگمەنی بۆ کابول رایگەیاند، ئەمریکا ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ حکوومەتی تاڵیبان ئەنجام دەدات له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا.

 

نووسینگەی عەبدولغەنی بەرادار، جێگری سەرۆکوەزیرانی تاڵیبان دوای دیدارەکەی لەگەڵ بۆهله‌ر رایگەیاند: "سەبارەت بە پرسی ئەو هاووڵاتیانەی لە ئەفغانستان و ئەمریکا زیندانیکراون، ئێمه‌ به‌ پیشنیازی ئاڵوگۆركردنیان رازین له‌ داهاتوودا.

تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ ئاڵوگۆڕەکە دیاری نەکراوە و واشنتۆن هیچ لێدوانێکی له‌و باره‌یه‌وه‌  نەداوە.

ئاژانسی هه‌واڵی "فرانس پرێس" له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: مەحمود حەبیبی كه‌ هاووڵاتییەکی ئەمریکییه‌ پێدەچێت لە ئەفغانستان دەستبەسەر بێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەڵاتی پێنج ملیۆن دۆلاری پێشکەش بە هەر کەسێک کرد کە زانیاری بگەیەنێتە شوێنی مانەوەی، هاوکات تاڵیبان رەتی دەکاتەوە هیچ تێوەگلانێکی هەبێت لە دیارنەمانی لە ساڵی 2022دا.

لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، جۆرج گلێزمانی ئەمریکی، ئه‌ندازیاری میکانیکی پێشووی فڕۆکەکان و زیاتر لە دوو ساڵ لەلایەن تاڵیبانەوە دەستبەسەرکرابوو، دوای سەردانێکی پولەر بۆ کابول ئازادکرا.

بۆهله‌ر لە میانەی گوتووێژەکانی لەگەڵ ئەمیر خان موتتاقی وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان باسی لە پرسی زیندانییەکان کرد.

لای خۆیه‌وه‌، حەمدوڵڵا فیترات عەلی ئێکس، جێگری گوتەبێژی حکوومەتی تاڵیبان رایگەیاند، "هەر لایەنێک دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکردن لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکانی ئێستا و داهاتووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەتایبەتی پرسی هاووڵاتیانی زیندانیکراوی هەردوو وڵات".

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە دوای گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات لە مانگی ئابی 2021 دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەیان هاووڵاتیی بیانییان دەستگیرکردووە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.