سوپای رووسیا رایانگەیاند ناوچەی دنیپرۆپێترۆڤسکی کۆنترۆڵ کردووە و راگەیەندنەکانی ئۆکرایناش رەتی دەکەنەوە ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ کرابێت لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە.
ئەمڕۆ شەممە 13ـی ئەیلوولی 2025، سوپای ڕووسیا ڕایگەیاند کە شارۆچکەیەکی نوێی لە ناوچەی دنیپرۆپێترۆڤسکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووە دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی تەممووزدا گەیشتنی بەو ناوچەیە ڕاگەیاند.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان کۆنترۆڵی نوفۆمیکۆلایفکایان کردووە کە نزیکە لە سنووری ناوچەی دۆنێتسک ناوەندی شەڕ و پێکدادانەکان لە بەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینادا.
پلاتفۆرمی "دیپستەیت" کە نزیکە لە سوپای ئۆکرایناوە، دووپاتی دەکاتەوە کە شارۆچکەکە هێشتا لە ژێر کۆنترۆڵی کیێڤدایە.
هێزەکانی ڕووسیا لە ڕووی ژمارە و چەک و تەقەمەنییەوە لە سوپای ئۆکراینا بەهێزترن و ماوەی چەند مانگێکە هێرشەکانیان لە بەرەکانی ئۆکراینادا بەردەوامە و لە هەندێک سێکتەردا پێشڕەویان کردووە.
لە ئێستادا سوپای ڕووسیا نزیکەی ٢٠%ی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە.
ڕۆژی هەینی کۆشکی کرێملن ڕایگەیاند کە دانوستاندنەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان "وەستاوە"؛ لە کاتێکدا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا "داگیرکردنی تەواوی ئۆکراینایە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.