Erbil 31°C سێشەممە 08 ئەیلوول 17:29

نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ کاروباری ئابووری کرد

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ کاروباری ئابووری کرد و دەستنیشانکردنی بە هەنگاوێکی گرنگ لەقەڵەمدا. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنی وەبەرهێنانی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە سەعید ئەلهاجری، وەزیری دەوڵەت و نێردەی تایبەتی ئیمارات بۆ کاروباری ئابووریی هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەربڕی و جەختیان لە خواستی دوولایەنە بۆ فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێناندا کردەوە.

نێچیرڤان بارزانی، دەستنیشانکردنی نێردەیەکی تایبەتی ئیماراتی بۆ کاروباری ئابووریی هەرێمی کوردستانی بە هەنگاوێکی گرنگ لەقەڵەمدا و رایگەیاند، ئەمە بایەخ و گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا نیشان دەدات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیماراتی کرد، کە مانگی نیسانی رابردوو لە ئەبوزەبی، بەڵێنی ناردنی نێردەیەکی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان دابوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی ئیماراتی لە بوارە جیاجیاکاندا کرا و نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی تەواوی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکێشکردنی هەموو پشتیوانی و کارئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەرانی ئیماراتی دووپاتکردەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.