ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.9.10، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە رادۆ بۆتۆم، بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى یەکێتى ئەوروپا كرد.
لە دیدارەکەدا: بەرپرسى نووسینگەى هەولێرى یەکێتیى ئەوروپا، خۆشحاڵى خۆى بە دیدارەکە نیشاندا و سوپاسى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو ئاسانکارى و پاڵپشتى و هاوکاریانەى پێشکەشیان کردوون، پاشان کورتەیەکی لە بارەى پڕۆژە و کار و چالاکییەکانیان خستە ڕوو لە بوارى کاتوورى، نۆژەنکردنەوەى شوێنەوارە مێژوویەکان و ئەنجامدانى خولى ڕاهێنان و فێرکردن و گەشەپێدانى مرۆیی و کشتوکاڵى و چۆنیەتى هاوکاریکردنى هاووڵاتییانى سڤیل.
لای خۆیهوه: پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەخێرهێنان ئاماژەى بەوەدا کە لە نزیکەوە ئاگادارى کارەکانیانە و دڵنیاشى کردنەوە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە پەیوەندارەکان هاوکار و هەماهەنگیان دەبن، وەک پارێزگاى هەولێریش هەرچى ئاسانکارى هەیە پێشکەشیان دەکرێت. گوتیشى، لەگەڵ سەرجەم کونسڵخانەکانى وڵاتانى یەکێتیى ئەوروپا لە هەولێر پەیوەندى باش و پڕۆژەى هاوبەشمان بەیەکەوە هەیە.
پارێزگای ههولیر راشیگهیاند: ئومێد دەکەین یەکێتیى ئەوروپا تایبەتمەندى شارى هەولێر، کە یەکەمین شارە لەسەرئاستى عێراق چالاکى زۆر بێت لەبەرچاووبێت و پەیوەندیەکانمان زیاتر بەرەوپێش ببەین.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى سەردانیکردنى باڵیۆزى نوێى یەکێتیى ئەوروپا لە عێراق بۆ هەرێمى کوردستان کرا، کە بڕیارە لەو نزیکانە سەردانەکەى ئەنجامبدات، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی لە دەست بەکاربوونى ئاماژەى بەوەدا کە بەڕێزیان لە پێشوتردا کونسڵى گشتیى وڵاتى ئەڵمانیا بووە لە هەولێر، ئەوەش خۆشحاڵمان دەکات کە باشتر لە بارودۆخ و تایبەتمەندى شارى هەولێر بگات و چاوەڕیى سەردانەکەین بۆ هەولێرى پایتەخت.
دواتر تیشکی خستە سەر ئەو ڕێکار و ئیجرائاتانەى لەلایەن ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکان گیراوەتەبەر لە رووبەڕووبوونەوەى تاوانى ڕێکخەر و بەرەنگاربوونەوەى مادەى هۆشبەر، بۆ ئەو مەبەستەش هاریکارى و هەماهەنگى راوێژکارانى نێردەى یەکێتیى ئەوروپاى لە عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەكان وەك ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتانى یەکێتیى ئەوروپا هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەپێویست زانرا.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، سەبارەت بە قەیرانە مرۆییەکان و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا و مەترسییەکانى کە لە ئێستادا کێشەیەکی جیهانە و کاریگەریشى کردۆتە سەر هەرێمى کوردستان بە گشتى و هەولێرى پایتەخت بە تایبەتى گفتوگۆى لەبارەوە کرا و هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگى و هاریکارى بەردەوامى یەکتر کردەوە.
لەکۆتایشدا، رەوشى ناوچەکە بەگشتیى و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکان، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.